رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ هۆشداری دەدات و دەڵێت، کەرتی تەندروستی لە چەمچەماڵ کەموکوڕی زۆری هەیە و لەبەردەم هەرەسدایە.
د. نوورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند پێداویستی تاقیگەیمان نەماوە و ترسمان هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا بەهۆی قەرزدارییەوە بەنزینخانەکان بەنزین بە ئامبوڵانسەکانمان نەدەن.
د. نوورەدین جەلال ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای هەبوونی رەزامەندی بۆ کڕینی پێداویستی، بەڵام کۆمپانیاکان بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا ئامادەنین پێداویستییان پێ بفرۆشن، هەر بۆیەش بەشێکی پێداویستییەکانی نەشتەرگەری بە خودی نەخۆشەکان دەکڕین.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی تەندروستیی چەمچەماڵ، بە گوتەی د. نوورەدین جەلال، ئەگەر رۆژانە 10 نەخۆش بنێرینە سلێمانی 5 دانەیان بەهۆی نەبوونی ئامێری سیتی سکانەوەیە، هەروەها ئامێری سی ئاڕم و بەشی چاودێریی چڕیشیان نییە.
د. نوورەدین جەلال، باسی لەوەش کرد بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین گرفتی سووتەمەنیمان هەیە و مانگانە بڕێکی زۆر قەرزداری بەنزینخانەکان دەبین و ترسی ئەوەمان هەیە لە داهاتوودا سووتەمەنیمان پی نەدرێت.
د. نوورەدین جەلال دەڵێت، زیاتر لە 3 ساڵە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕمان لە دابەشکردنەکاندا بۆ دانەنراوە و بەمەش کێشەی کەمیی کارمەند و پزیشکمان هەیە.



