رووداو - تەندروستی
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە، فرۆشتن و رێکلامکردن بۆ خواردنەوەی وزەبەخشی 4Uـیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین قەدەخە کرد و هۆکارەکەشی بۆ پاراستنی "تەندروستیی هاونیشتمانییان" گەڕاندەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی قایمقامیەتی رانیە، خواردنەوەی وزەبەخشی 4U خواستێکی زۆری لەنێو منداڵان و نەوجەوانان لەسەرە بەهۆی ئەو دیارییانەی تێیدایە، ئەمەش وایکردووە خەڵک زیاتر بیکڕن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێکهاتەکانی بریتین لە (شەکر، رەنگ، کافاین) و لەسەر پاکەتەکەشی نووسراوە کە بۆ خوار تەمەنی 16 ساڵان گونجاو نییە، بەڵام فرۆشیاران رەچاوی ئەو نووسینە ناکەن.
قایمقامیەتی رانیە، ئاسایشی بازگەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە رێگری لەو بارهەڵگرانە بکەن کە ئەو خواردنەوەیە دەهێننە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
هەروەها هۆشداری دراوە بە فرۆشگاکان کە هەر شوێنێک ئەو خواردنەوەیە بە منداڵان بفرۆشێت، دادەخرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.



