رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەیەکی پزیشکانی نەخۆشییەکانی دڵ ئاشکرای دەکات، مانەوەی چرا یان رووناکی لەکاتی خەودا تەنیا خەوت تێکنادات، بەڵکو شێوەی دڵ دەگۆڕێت و ماسوولکەکانی لاواز دەکات.
توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی ئەورووپیی دڵ دەریدەخات، خەوتن لە ژینگەی پڕ رووناکیدا دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی نیوخۆیی جەستە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر لێدانی دڵ دەبێت.
کۆمەڵەکە لە توێژینەوەیەکدا پشکنینی بۆ نزیکەی 11 هەزار کەس کردووە. ئەم کەسانە بۆ ماوەی حەوت رۆژ ئامێرێکی بچووکی پێوانەکردنی رووناکییان لە دەستدا بەستبوو و دواتر پشکنینی پێشکەوتووی تیشکی دڵ (MRI) بۆ هەموویان کرابوو.
پڕۆفیسۆر د. لوو چی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوە لە زانکۆی تۆلەین لە ئەمریکا دەڵێت ''ئەو کەسانەی لەکاتی خەودا رووناکییەکی زۆر لە ژوورەکەیان هەبووە، دیواری دڵیان ئەستوورتر بووە و دڵیان بە سەختی کاری کردووە، ئەمەش مانای وایە دڵ ماندوو دەبێت و لە داهاتوودا تووشی سستبوون و کێشەی گەورە دەبێت''.
بەگوێرەی پسپۆڕانی کۆمەڵەی ئەورووپیی دڵ، بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ؛
- پێویستە لە ژوورێکی تەواو تاریکدا بخەویت.
- دەبێت شاشەی مۆبایل و تەلەڤزیۆن لە کاتی خەودا لە نزیک جێگەی نووستنەوە دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی رووناکیان لێ دەرنەچێت.



