رووداو - تەندروستی
پاییز تەنیا وەرزی دابەزینی پلەکانی گەرما و گۆڕانی رەنگی گەڵای دارەکان نییە، بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلێکی تووندی پژمین، خوران و گیرانی لووت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی وردە تۆی هەڵاڵەکان لە هەوادا.
د. وانگ بین، پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە نەخۆشخانەی وانگجینگ سەر بە ئەکادیمیای پزیشکی چینی دەریدەخات، لە وەرزی پاییزدا تۆیی گووڵی رووەکی هەڵاڵە ( Pollen ) کاتێک بڵاودەبنەوە، راستەوخۆ کار لە بۆڕییەکانی هەناسەی دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی نیشانەکانی وەک هەستەوەریی لووت و قوڕگ و تەنانەت نیشانەکانی پەیوەست بە هەستەوەریی رەبۆ دەرکەوتوون.
د. دەیڤید ئەی. گودیس ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لە زانکۆی کۆلۆمبیا، پێنج رێگەی سەرەکی بۆ چارەسەری و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەستەوەری پاییزە دەخاتەڕوو:
- چارەسەری هەستیاریی وەرزی نزیکەی مانگێک پێش دەستپێکردنی وەرزەکە دەست پێبکات و چەند هەفتەیەک دوای نەمانی نیشانەکانیش بەردەوام بێت، بۆ نموونە لە مانگی 8 بۆ 11.
- بەکارهێنانی سپڕای لووت، وەک ستیرۆیدی لووت و دژە هەستەوەری، بە یەکەمین هەڵبژاردەی پزیشکان دادەنرێت، چونکە بەراورد بە حەب کاریگەرترن و زیانی لاوەکییان کەمترە.
- پێویست ناکات بە شێوەیەکی بەردەوام جۆری چارەسەری دژەهەستیاری بگۆڕیت، گرنگ ئەوەیە بە رێکوپێکی لەسەر بەکارهێنانی ئەو جۆرە بەردەوام بیت کە بۆت گونجاوە.
- بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی تۆیی هەستەوەری رووەکەکان (Pollen) لە جلوبەرگ، پێست و قژتەوە بۆ ناو ماڵ و جێگەی نووستن، پێویستە لە کۆتایی رۆژدا خۆت بشۆیت.
- بۆ باشترکردنی کواڵیتیی هەوای ماڵەوە، پێویستە سیستەمی فێنککەرەوە و فلتەرەکانی بە بەردەوامی پاک بکرێنەوە.



