رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی فلیندەرز لە ئوسترالیا دەریخستووە، دەستدان لە سەری توالێتی رۆژئاوایی یاخود سیفۆنەکەی رێگەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ژەهراویبوون بە بەکتریا و ڤایرۆسە مەترسیدارەکان.
توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەو میکرۆبانەی لەنێو ئاوی توالێتەکاندان وەک گەردیلەی هەوایی بڵاو دەبنەوە کە هەڵگری ڤایرۆس و بەکتریان بەتایبەت لیجیۆنێلا، ئەنفلەوەنزا و نۆرۆڤایرۆس.
د. لیرا ئادیانی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، لەکاتی ئاوپێداکردن بە توالێتدا، پێویستە سەرەکەی دابخرێت بۆ ئەوەی وردەگەردیلەکان بەنێو هەوا و رووکەشی دەوروبەردا بڵاو نەبنەوە.
بە گوتەی د. لیرا ئادیانی، دەرگەی توالێتەکە، زەوییەکەی و هەموو روویەک میکرۆبی لەسەرە. ئەو دەڵێت، "50٪ بۆ 80٪ـی خەڵکی، مۆبایلەکانیان لە توالێتدا بەکاردەهێنن. ئەوان مۆبایل و پەنجەکانیان بە میکرۆبی پیسایی وەک سالمۆنێلا و کامپیلۆباکتەر و هەموو جۆرە بەکتریا و ڤایرۆسێک پیس دەکەن''.
لە کۆتایدا توێژەرانی زانکۆ ئوسترالییەکە هۆشداری دەدەن، دوای بەکارهێنانی توالێت دەست بشۆرێت و موبایل بەکارنەهێنرێت و کەمترین بەرکەوتن لەگەڵ روو و زەوی دەستشۆرەکاندا هەبێت.

.png&w=3840&q=75)
