رووداو - تەندروستی
دوای بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لەبارەی مەترسیی مادەیەکی نێو ئارایشتگەکان لەکاتی جوانکاریی قژدا، ئەمڕۆ لیژنەکانی قایمقامیەت و تەندروستیی هەڵەبجە بەدواداچوونیان بۆ ئارایشتگەکانی پارێزگاکە کرد و ئەندامێکیان دەڵێت، چاودێریی ورد دەخەینە سەر ئەو مادانەی کە بۆ جوانکاریی قژ بەکاردەهێندرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 8-9-2026 هەرێم حەسەن، نوێنەری چاودێریی تەندروستی لە هەڵەبجە کە ئەندامێکی لیژنەی بەدواداچوونە بۆ ئارایشتگەکان بە رووداوی راگەیاند، جەخت لەوە دەکەینەوە هیچ خانمێکی دووگیان لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانییەکەیدا نابێت هیچ مادەیەکی جوانکاری بۆ قژیان بەکاربهێنن.
هەرێم حەسەن هۆشداری دەداتە ئارایشتکارەکان و دەڵێت، پێویستە دەرمانی رێگەپێدراو بەکاربهێنن و رێژەی فۆڵمەڵدیهایدی مادەکانی جوانکاریش 2٪ زیاتر نەبێت، چونکە لەوە زیاتر بێت ژەهر دروستدەبێت.
لەکۆتاییشدا ئەوەی گوت، لەکاتی بەکارهێنانی کیراتین و کریستاڵ دەستکێش و دەمامک بەکاربهێندرێت بەتایبەت دەمامکی N95 کە ژەهرەکان دەگەڕێنێتەوە، ''نابێت دەمامکی نەشتەرگەری و پزیشکی بەکاربێت''.



