رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە هەولێر موژدە بە تووشبووانی شێرپەنجە دەدات کە چارەسەر بە تیشک کاریگەری زۆر نایابی لەسەر نەخۆشییەکە هەیە و رایدەگەیێنێت، زۆرجار لەبری نەشتەرگەری بەکارهاتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8-9-2026 د. ئەحمەد سامی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بە رووداوی راگەیاند، بۆ هەندێک شێرپەنجە، چارەسەر بە تیشک ئەوەندەی نەشتەرگەری سوودی بۆ تووشبووان دەبێت و ئیدی پێویستیان بە نەشتەرگەریی شێرپەنجە نابێت بەتایبەت بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات.
ئەو دەڵێت: رێژەی ئەرێنیی ئەنجامی چارەسەر بە تیشک زۆرە و سەنتەرەکەمان تەکنیکی SRSـیشی تێدا بەکاردێت کە تایبەتە بە چارەسەری تیشکیی ئەو گرێیانەی مێشک کە بە نەشتەرگەری چارەسەر ناکرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاشکرای دەکات، رۆژانە لە سەنتەری ئاوات 180 بۆ 200 تووشبووی شێرپەنجە چارەسەر بە تیشك وەردەگرن و د. ئەحمەد سامی روونی دەکاتەوە، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە تووشبووی شێرپەنجە وەردەگرن و زۆرترینیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن، پاشان شێرپەنجەکانی سییەکان و کۆڵۆن و رێکە دێن.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە لەبارەی نۆرەی چارەسەرییەکانەوە گوتی، بە لیژنەی تایبەت ئەو تووشبووانە جیا دەکەینەوە کە نۆرەیان درێژە و پێویستیشە زوو چارەسەر وەربگرن.



