رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی جێرسی شۆر لە ئەمریکا دەریدەخات، دوایین پێشکەوتنەکانی بواری دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی پڕۆستات وردتر بوون و چیتر بەرزیی ئاستی PSA راستەوخۆ بە مانای وەرگرتنی نموونە (biopsy) نایەت.
د. مینا فام، بەڕێوەبەری پزیشکیی بەشی شێرپەنجە لە سەنتەرەکە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: پێشتر، هەر پیاوێک ئاستی پشکنینی PSA لە پشکنینی خوێنیدا بەرز بووایە، راستەوخۆ نموونە لە پڕۆستاتی وەردەگیرا، چونکە ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجە زۆر بوو، بەڵام ئێستا پزیشکان پشت بە پشکنینی پێشکەوتووی وەک MRI و نیشاندەرە نوێیەکانی خوێن و میز دەبەستن بۆ ئەوەی بەوردی دیاری بکەن ئایا بەڕاستی پێویست بە وەرگرتنی نموونە دەکات یان نا.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، لە هەر 8 پیاو 1 ێکیان لە ماوەی ژیانیدا تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات دەبێت و ئەم نەخۆشییە بە دووەم هۆکاری سەرەکیی مردن بە شێرپەنجە دادەنرێت لەنێو پیاوانی ئەمریکادا. پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێشکەوتنە نوێیەکان شێوازی دەستنیشانکردن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ نەخۆشییەکەدا گۆڕیوە.
پشکنینی PSA، پشکنینێکی خوێنە کە ئاستی پڕۆتینێک بە ناوی (Prostate-Specific Antigen) دەپێوێت کە لەلایەن رژێنی پرۆستاتەوە بەرهەم دەهێنرێت. بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم پڕۆتینە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات و ئێستا لە تاقیگەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و نرخەکەی زۆر گونجاوە کە دەشێت پیاوان بایەخی پێ بدەن و وەکو پشکنینێکی پێشوەختەی پڕۆستاتیان بیکەن.



