رووداو - تەندروستی
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارمەندێکیان بەناوی (نیعمەت هادی)، لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەیدا گیانی لەدەستداوە، هاوکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە پێکهێنراوە.
کەمال عەساف، بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ نیعمەت هادی لەسەر زەوی بووە و بە ئەسکەلە نەچووەتە سەرەوە، کارەبای نیشتمانی کوژابووەوە و دەستی بۆ ساردەکەی کارەبای مۆلیدەی گەڕەکێک بردبوو، کارەباییەکە زۆر بەهێز نەبوو، بەڵام کاریگەریی لەسەری هەبووە و گیانی لەدەستدا."
کەمال عەساف ئاماژەی بەوەکرد: " ئەو کارمەندە پێش چەند ساڵێک تەزووی کارەبا لێیدابوو."
بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، هەموو کرێکاران جلوبەرگی تایبەتیان بۆ دابینکراوە و پێویستە پابەندی رێنوێنییەکان بن بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوە بێت.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتەکەیان هەمیشە رێنوێنییەکانی سەلامەتیی کارکردن بە کارمەندەکانیان دەدات و سەلامەتیی گیانی فەرمانبەران لە پێشینەی کارەکانیانە.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
