رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی کۆلێژی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی، تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی هەوا لەکاتی تووندبوونی نیشانەکانی رەبۆدا، کاردانەوە لە خانەکانی هەوادا دروستدەکات و دۆخەکە خراپتر دەکات.
پڕۆفیسۆر د. جین ئا پارک، پسپۆڕ لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت، "رەبۆ تەنیا نەخۆشییەکی هەوکردن نییە، بەڵکو تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی هەواش نەخۆشییەکە خراپتر دەکات".
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری Nature Communications بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆنترۆڵکردنی ئەم رێڕەوە میکانیکییە لەگەڵ کەمکردنەوەی هەوکردن، رێگەیەکی سەرەکییە بۆ باشترکردنی نیشانەکان و کەمکردنەوەی هێرشە تووندەکان.
هەروەها توێژەران دەڵێن، پشکنینەکان دەریانخستووە کە کەمکردنەوەی پرۆتینێک بەناوی Hic-5 دەتوانێت ئەو کاردانەوە کیمیاییانە هێوربکاتەوە کە زیان بە خانەکان دەگەیێنن.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە و زیاتر لە 350 ملیۆن کەس لە جیهاندا هەیانە.



