رووداو - تەندروستی
دوو پسپۆڕ (هەناو و هەناسەدان) لەبارەی هەنگوینەوە بە رووداویان راگەیاند، نابێت تووشبووی شەکرە بیخۆن و جێگرەوەی دەرمانیش نییە بۆ هەڵامەت و کۆکە.
د. سۆران زەنگەنە، پسپۆڕی هەناو و شەکرە لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تووشبووانی شەکرە بە هیچ شێوەیەک نابێت هەنگوین بخۆن، چونکە یەکێکە لەو خۆراکانەی بڕێکی زۆر شەکری تێدایە و زوو شەکری خوێنیان بەرز دەکاتەوە.
د. سۆران زەنگەنە روونی دەکاتەوە، ئەو پێکهاتانەی لەنێو هەنگوین هەن، دەکرێت لەڕێگەی خۆراکی دیکەوە بەدەستبهێندرێن کە شەکریان کەمترە.
د. هەژار محەممەد، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی سینگ و هەناسە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هەنگوین دەکرێت ببێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردنی سییەکان، بەڵام نابێت زۆرخۆری تێدا بکرێت لەبەر بڕی ئەو شەکرەی کە تێیدا هەیە.
د. هەژار محەممەد ئەوەش باس دەکات کە هەنگوین و هیچ خۆراکێکی دیکە نابێت لەبری چارەسەر بەکاربهێندرێن، بەڵکو چارەسەر تەنیا بە دەرمان دەکرێت و هەنگوین و خۆراکەکانی دیکە دەکرێت هاوکاربن لە باشترکردنەوەی دۆخی کەسی تووشبوو بە هەوکردنەکانی کۆئەندامی هەناسە، ئەویش تەنیا بۆ کەمکردنەوەی کۆکە.
توێژینەوەیەکی نایسی بەریتانی دەریخستووە، هەنگوین دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی کۆکەی وشک.
پێکهاتەکانی هەنگوینی بنەڕەتی (ئەسڵ)
لە یەک کەوچکی چا هەنگوین
شەکر (40٪ فرەکتۆز) (35٪ گلوکۆز)
ئاو (18٪)
ئەنزیمەکان (1٪) (200 جۆر)
ڤیتامین و کانزاکان (5٪) (ڤیتامین C و B لەگەڵ کالسیۆم، پۆتاسیۆم زینک و ئاسن)
دژەئۆکسێنەکان (1٪)
وزە (21 کالۆری)
پڕۆتین (0٪)
چەوری (0٪)
سوودەکانی هەنگوین
- دژەهەوکردنێکی بەهێزە
- دژەشێرپەنجەیە
- یارمەتیدەرە لە هەوکردن لە شوێنی برین
- رێگرە لە رەقبوونی لوولەکانی خوێن
- بەهێزکردنی بەرگریی جەستە
- بەهێزکردنی یادگە
کێ نابێت هەنگوین بخوات؟
- تووشبووانی شەکرە
- ئەوانەی لە مێژووی خێزانییاندا تووشبووی شەکرە هەیە (پشکنین بکەن)
- منداڵانی خوار 1 ساڵ
- ئەوانەی هەستیارییان پێی هەیە



