رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی رێنوێنیی خانمان دەکات کە بێهێزی و ماندووێتیی دوای منداڵبوونیان پشتگوێ نەخەن.
د. نەوشاد نەوزاد، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی بە رووداوی راگەیاند، دوای منداڵبوون، هەموو ماندووێتی و بێهێزییەک ئاسایی نییە و پێویستە خانمان زوو لەخۆیان بپێچنەوە بەتایبەت ئەگەر بێهێزییەکە درێژەی کێشا یاخود نیشانەکانی (سەرسووڕان، هەناسەتەنگی، خێرالێدانی دڵ، سەرئێشەی تووند، لاوازبوونی بینین یان خوێنبەربوون)ـی لەگەڵدا بێت.
د. نەوشاد دەڵێت: جەستەی دایک لەدوای منداڵبوون پێویستیی بە کات هەیە بۆ ئاساییبوونەوەی؛ کەمیی خەو، گۆڕانی هۆڕمۆنەکان، شیردان، خۆراکی ناتەندروست و گوشارە دەروونییەکان هەموویان دەتوانن ببنە هۆی بێهێزی و کەمبوونەوەی وزەی دایکان لەدوای منداڵبوونیان.
ئەوەش باس دەکات، ''کەمیی خوێن، کێشەی رژێنی دەرەقی (رژێنی پەریزادە)، تووشبوون بە دڵتەنگیی دوای منداڵبوون و خوێنبەربوونی زۆر دەکرێت هۆکاری بێهێزیی بەردەوام بن''.
لەکۆتاییدا دەڵێت، توێژینەوەکان دەریدەخەن؛ 50٪ بۆ 80٪ـی خانمان دوای منداڵبوون تووشی کەمخوێنی دەبن و بۆ ئەوەش دەبێت راوێژی پزیشک بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن، بۆ ئەوە کەمخوێنییەکە کاریگەریی تووندیان لەسەر دروستنەکات.
.png&w=3840&q=75)

