رووداو - تەندروستی
دروستکردن و داهێنانی جۆرە حەبێکی نوێ کاریگەریی دەرمانی شێرپەنجە زۆر زیاد دەکات و نەخۆش لە ئازاری دەرزی رزگار دەکات، ئەمەش لەلایەن پزیشکانی سەنتەری شێرپەنجە لە ئەمریکا پێشنیاز کراوە.
لە ئەمریکا لەلایەن توێژەرانی زانکۆی میشیگن و سەنتەری شێرپەنجە لە ئەمریکا تویژینەوەیەک کراوە کە حەبێکی نانۆیی دەتوانێت دەرمانی دژەشێرپەنجە بە شێوازێکی زیرەک بگەیێنێتە خانە نەخۆشەکان بێ ئەوەی زیان بە خانە تەندروستەکان بگەیێنێت.
پرۆفیسۆر د. جەیمس مون، پسپۆڕ لە زانستەکانی دەرمانسازی و ئەندازیاریی بایۆلۆژی لە زانکۆی میشیگن دەڵێت، لەم تاقیکردنەوانەدا، حەبە نانۆییەکان بە سەرکەوتوویی توانیان خانە شێرپەنجەییەکان لەنێو ببەن بە بێ ئەوەی کاریگەریی لاوەکیی زۆر دروستبکەن.
چۆن کار دەکات؟
لە شێوازە کۆنەکاندا، دەرمانی شێرپەنجە ئەگەر بە حەب بدرایە، لەلایەن ترشەڵۆگەکانی گەدە و سیستمی هەرسەوە دەشکێنرا و نەدەگەیشتە شوێنی مەبەست. بەڵام ئەم حەبە نانۆییە (Oral Nanomedicine) وەک پارێزگەرێک وا دەکات دەرمانەکە بە سەلامەتی بە نێو گەدەدا تێپەڕێت و راستەوخۆ بچێتە نێو خوێن و خانە شێرپەنجەییەکانەوە.
سوودە سەرەکییەکانی ئەم حەبە نوێیە چین؟
- دەرمانەکە راستەوخۆ دەچێتە نێو خانە شێرپەنجەییەکانەوە و زیان بە خانە تەندروستەکان ناگەیێنێت.
- نەخۆش دەتوانێت لە ماڵەوە و بە خواردنەوەی حەبێک چارەسەرەکەی وەربگرێت و ناچار نابێت هەمیشە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە بۆ دەرزی.
- دەرمانەکە بە شێوازێکی زۆر بەهێزتر و کاریگەرتر کارەکەی ئەنجام دەدات.
ئەم داهێنانە هێشتا لە قۆناخی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی ورددایە، بەڵام هیوایەکی زۆر گەورەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا شێوازی چارەسەرکردنی شێرپەنجە بە تەواوی بگۆڕێت.



