رووداو - تەندروستی
چا رەنگە تەنیا وەکو چێژێکی رۆژانە یان هۆکارێک بۆ وریاکردنەوەی مێشک سەیری بکەین، کەچی توێژینەوەیەکی زانستیی لە چین دەریدەخات، ئەم خواردنەوە باوە دەتوانێت ببێتە هۆی پاراستنی تەندروستیی گشتی و درێژکردنەوەی تەمەن، بە مەرجێک بە شێوازێکی تەندروست بخورێت.
د. مینگچوان یانگ، توێژەری سەرەکیی زانستە کشتوکاڵییەکان لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی چا لە چین، شیکارییان بۆ ملیۆنان بەشداربوو لە سەرانسەری جیهاندا کردووە بۆ پێوانەکردنی سوودە تەندروستییەکانی چا.
د. مینگچوان دەریخستووە، پێکهاتە دەوڵەمەندەکانی نێو چا بەتایبەت (کاتێچین و دژەئۆکسێنەکان لە چای سەوز و رەشدا) زۆر بەسوودن بۆ جەستە، چونكە خانەکان لە تێکچوون و هەوکردن دەپارێزن و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، قەڵەوی، شەکرەی جۆری دووەم و هەندێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە کەم دەکەنەوە. خواردنەوەی چا مێشک لە لاوازبوون دەپارێزێت و رێگری لە پووکانەوەی ماسوولکەکانی بەساڵاچووان دەکات.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی چا لە چین رێنوێنی دەدات، خواردنەوەی بڕێکی هاوسەنگ بۆ نموونە رۆژانە 2 بۆ 3 پەرداخ چای سرووشتی باشترین هاوسەنگی بۆ تەندروستیی دڵ و تەمەندرێژی دابیندەکات. پێویستە دوور بکەوینەوە لە زیادکردنی بڕێکی زۆر لە شەکری سپی بۆ نێو چا، هەروەها چایە لەقوتوونراوەکانیش نەخۆین، چونکە بڕێکی زۆر لە شەکری دەستکرد و مادەی پارێزەیان تێدایە کە سوودەکانی چا کەم دەکەنەوە.
.png&w=3840&q=75)


