رووداو – هەولێر
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 26-08-2026 پەسندکردنی چارەسەرێکی نوێی بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس راگەیاند؛ ئەم هەنگاوە وەک دەسپێکی سەردەمێکی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێک لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە دەبینرێت، کە هەمیشە چارەسەرکردنی کارێکی ئەستەم بووە.
ئەم دەرمانە نوێیە کە ناوی بازرگانییەکەی (راسۆنک)ـە، لەلایەن کۆمپانیای (رێڤۆلوشن مێدیسن)ـی ئەمریکییەوە پەرەی پێدرا.
تاقیکردنەوە کلینیکییەکان نیشانیان دا کە ئەم دەرمانە دەتوانێت ماوەی مانەوە لە ژیانی هەندێک لە نەخۆشەکان بۆ دوو هێندە زیاد بکات.
کایل دیامانتاس، سەرۆکی کاربەڕێکەری وەزارەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "پەسندکردنی ئەمڕۆ بژاردەیەکی نوێ و یەکجار گرنگ دەداتە ئەو نەخۆشانەی رووبەڕووی شێرپەنجەیەکی زۆر سەخت و ئاڵۆز بوونەتەوە کە لە مێژوودا چارەسەرکردنی زۆر قورس بووە."
کاریگەریی دەرمانەکە و شێوازی بەکارهێنان
لە تاقیکردنەوەی کلینیکی کە لەسەر 500 نەخۆش ئەنجامدرابوو، دەرکەوت ئەو کەسانەی رۆژانە دەنکۆڵەکەیان خواردووە، تێکڕای ماوەی ژیانیان 13.2 مانگ بووە، بە بەراورد بە 6.6 مانگ بۆ ئەو کەسانەی چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە.
داراکسۆنراسیب، یارمەتی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە دەدات لەرێگەی کارکردنە سەر جینی گۆڕاوی KRAS کە لە زیاتر لە 90%ـی گرێ شێرپەنجەییەکانی پەنکریاسدا هەیە و هانی گەشەی شێرپەنجە دەدات.
وەرچەرخانێکی گەورە لە زانستی پزیشکیدا
ئەم ئەنجامانە لە لایەن ناوەندە پزیشکییەکانی جیهانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکراوە، چونکە ئەمە بە یەکەمین پێشکەوتنی بەرچاو لە دژی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە دادەنرێت لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا.
ئەم دەستکەوتە هیوایەکیش دەبەخشێتە ئەو نەخۆشانەی تووشی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە بوون، چونکە ئەو گەردیلەیەی لەم دەرمانەدا بەکارهاتووە، پرۆتینێک دەکاتە ئامانج کە لە چەندین جۆری شێرپەنجەدا هەیە و تاوەکو ئێستا پزیشکەکان نەیانتوانیبوو بە هیچ دەرمانێک بیپێکن.



