رووداو-تەندروستی
پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتیی ترینکۆماڵی لە سریلانکا، بەردێکی میزەڵدانیان لە جەستەی پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ دەرهێنا کە کێشی 3.1 کیلۆگرام بوو، بەمەش ریکۆردێکی نوێی جیهانییان تۆمارکرد.
پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتیی ترینکۆماڵی لە سریلانکا ئاماژە بەوەدەکەن پیاوەکە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، بەڵام لەکاتی وەرگرتنی چارەسەردا تێبینییان کرد کە گرفتێک لە میزکردنیدا هەیە، دوای پشکنین بۆیان دەرکەوت بەردێک بە بە ئەندازەی هێندەی کێشی منداڵێکی تازە لەدایکبوو و قەبارەکەی هێندەی هێلکەی وشترمرخ دەبێت لەنێو میزڵدانیدا هەیە، دواتر لەڕێگەی نەشتەرگەری بەردەکە دەرهێنرا
پزیشکەکان مەزەندەیان کردووە کە بەردەکە ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ لە میزەڵدانی نەخۆشەکەدا بووبێت.
د. پراگالاسان بالاکریشنان، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە رایگەیاند: " ئەمە گەورەترین بەردی میزەڵدانە کە تاوەکو ئێستا لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە دەرهێندرابێت."
بەپێی کتێبی گینس بۆ ریکۆردە جیهانییەکان، پێشتر گەورەترین بەردی میزەڵدان لە ساڵی 2003 لە بەڕازیل دەرهێندرابوو کە کێشی 1.9 کیلۆگرام و درێژییەکەی 17.9 سانتیمەتر بوو، لە کاتێکدا ئەم بەردە نوێیە درێژییەکەی 18.7 سانتیمەتر بوو.
بەردی میزەڵدان کاتێک دروستدەبێت کە کانزاکانی نێو میز دەبنە کریستاڵ و پێکەوە دەنوسێن. ئەگەر میزەڵدان بە تەواوی بەتاڵ نەبێتەوە، میزی خەست دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی ئەم بەردانە.


