رووداو-تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا چارەسەرێکی نوێیان بۆ جۆرە قورسەکانی شێرپەنجەی خوێن دۆزییەوە.
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات چارەسەرە تاقیکارییەکە ناوی (GT19630)ـە و پرۆتینی (MYC) دەکاتە ئامانج، ئەم پرۆتینە پێشتر بە یەکێک لە ئامانجە هەرە قورسەکان بۆ چارەسەری شێرپەنجە دادەنرا.
پڕۆفیسۆر د. مایکڵ ئاندریف، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "بۆ دەیان ساڵ، زانایان هەوڵیانداوە چارەسەرێک بۆ راگرتنی پرۆتینی (MYC) بدۆزنەوە، بەڵام بێسوود بووە، بۆیە بە پرۆتینێکی چارەسەرنەکراو ناویان دەبرد."
توێژەران لە زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا ئاشکرای دەکەن چارەسەرە نوێیەکە کە بە "تێکشکێنەری پرۆتین" ناسراوە، سووڕێکی تازە دۆزراوەی نێوان پرۆتینی (MYC) و پرۆتینێکی دیکە بەناوی (GSPT1) تێکدەدات، چارەسەرەکە هەردوو پرۆتینەکە لەناودەبات و چالاکییەکی بەهێزی دژی جۆرەکانی شێرپەنجەی خوێن، لیمفەگرێکان و مۆخی ئێسک نیشانداوە.
زانکۆی تەکساس جەخت لەوەدەکاتەوە چارەسەرە نوێیەکە کاریگەریی لەسەر ئەو خانە شێرپەنجەییانەش هەبووە کە بەرگریان بۆ دەرمانەکانی دیکە دروستکردبوو و بە ئاسانی لەناونەدەچوون، وایکردووە دەرمانە کۆنەکە دووبارە کاریگەر بێت و تەمەنی نەخۆشەکانیشی 300% (واتە سێ هێندە) درێژکردووەتەوە.
پرۆتینی (MYC) رۆڵێکی سەرەکی لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکاندا هەیە و لە نزیکەی 70%ی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەی مرۆڤدا بەشدارە.


