رووداو - تەندروستی
شێوازی شیرپێدانی کۆرپە لە مانگەکانی سەرەتای ژیانیدا، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر تەندروستیی داهاتووی دەبێت، بەتایبەت لە رێگەی سیستمی بەرگریی جەستەوە.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کەناڵی سوێس لە میسر، کاریگەریی جیاوازیی نێوان شیری دایک و شیری قوتووی لەسەر کۆئەندامی هەرس و بەکتریاکانی ریخۆڵەی کۆرپەدا بەراورد کردووە.
لێکۆڵینەوەکە، لەسەر ژمارەیەک لە کۆرپەی تەندروستی تەمەن یەک بۆ شەش مانگ ئەنجامدراوە و بۆ سێ گرووپ دابەش کراون
گرووپی یەکەم: تەنیا شیری دایکیان خواردووەتەوە.
گرووپی دووەم: تەنیا شیری قوتوویان خواردووەتەوە.
گرووپی سێیەم: تێکەڵەیەک لە شیری دایک و شیری قوتوویان خواردووەتەوە.
دەرکەوتووە، ئەو کۆرپانەی تەنیا شیری دایکیان دەخواردەوە، خاوەنی دەوڵەمەندترین و جۆراوجۆرترین پێکهاتەی بەکتریای سوودبەخش بوون لە ریخۆڵەیاندا، بەتایبەت بەکتریاکانی وەک (Escherichia-Shigella) و (Enterobacter) کە بۆ کەمکردنەوەی ئۆکسجین لە ریخۆڵەکاندا و رێکخستنی سیستمی بەرگری گرنگن، لە بەرامبەردا، ئەو کۆرپانەی شیری قوتوویان دەخواردەوە، کەمترین جۆراوجۆریی بەکتریای سوودبەخشیان هەبوو .
توێژەرانی زانکۆ میسرییەکە رایانگەیاند: دەرەنجامەکانمان بە روونی دەریانخست کە شێوازی شیرپێدان بەهێزترین کاریگەریی لەسەر گەشەی بەکتریاکانی ریخۆڵەی کۆرپەکاندا هەیە. پێدانی شیری دایک بە تەنیا، دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکهاتەیەکی بەکتریایی دەوڵەمەند و فراوان، لە کاتێکدا شیری قوتوو ئەم جۆراوجۆرییە کەم دەکاتەوە. ئەمەش پشتگیری لە بایەخی پێدانی شیری دایک دەکات بۆ گەشەیەکی تەندروستی سیستمی بەرگری لە قۆناخە سەرەتاییەکانی ژیاندا.


