رووداو - تەندروستی
ئەسیتامینۆفین و ناپڕۆکسین ( تایلینۆل) لە یەک دەنکۆڵەدا، چارەسەرێکی نوێ بۆ رزگاربوون لە ئازار بۆ ماوەی 12 کاتژێر کە پێویستی بە رەچەتەی پزیشک نییە.
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) مۆڵەتی فەرمی بە بەرهەمهێنانی دەنکۆڵەیەکی نوێ دا، دوو باوترین دەرمانی هێورکەرەوەی ئازار (ئەسیتامینۆفین و ناپڕۆکسین) لە یەک دەنکۆڵەدا کۆ دەکاتەوە. ئەم دەرمانە نوێیە یارمەتیی ملیۆنان کەس دەدات کە بە دەست ئازارە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات دوو دەرمانی جیاواز لەکاتی جیاوازدا بخۆن.
د. تۆد بەرتۆچ، توێژەری سەرەکی: پەسندکردنی ئەم دەرمانە لەسەر بنەمای 8 توێژینەوەی گەورەی کلینیکی بووە کە لە ناوەندە پزیشکییەکانی ئەمریکا ئەنجام دراون. بە خێرایی (لە کەمتر 30 خولەکدا) هێرش دەکاتە سەر نیشانەکانی ئازار، لە کاتێکدا ناپڕۆکسین هەوکردن کەم دەکاتەوە و کاریگەرییەکەی تاوەکو 12 کاتژمێر دەخایەنێت.
د. تۆد بەرتۆچ دەڵێت، ئەم دەرمانە نوێیە بۆ چارەسەری کاتیی ئازارە باوەکان بەکاردێت وەک (سەرئێشە، پشتئێشە، ئازاری ماسوولکە، ددان، ئازاری سووڕی مانگانە و ئازاری سووکی جومگەکان) بۆ کەسانی سەروو 12 ساڵ بەکاردێت.
پزیشکانی ئەم توێژینەوەیە دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی ئەم دەرمانە بەبێ رەچەتەی پزیشک دەفرۆشرێت، بەڵام پێویستە زۆر بە ئاگابین لەوەی کە؛
- مەترسی لەسەر جگەر: ژەمی زۆر دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جگەر.
- مەترسیی گەدە و دڵ: چونکە ناپڕۆکسینی تێدایە، خواردنی زیاتر لە پێویست یان بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایەن، دەکرێت مەترسیی گەدە یان کێشەکانی دڵ زیاد بکات.
- خانمانی دووگیان: پێویستە خانمانی دووگیان (بەتایبەت لە هەفتەی 20ی دووگیانی و بەرەو سەرەوە) یان شیردەر، پێش بەکارهێنانی ئەم دەرمانە راوێژ بە پزیشک بکەن.


