رووداو - تەندروستی
دوای هەفتەیەک لەوەی دۆناڵد ترەمپ، چەندین لێدوانی ''چەواشەکارانە''ـی لەبارەی ڤاکسینەکانەوە دا، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC) نوێترین داتای لەبارەی رێژەی کوتانی باخچەی ساوایان لەسەر ئاستی ئەمریکا بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوێکی سێ دێڕیدا سەنتەرەکە گوتی، "رێژەی گشتیی کوتان لەنێو منداڵانی باخچەی ساوایان بە بەرزی ماوەتەوە''.
دکتۆر پۆڵ ئۆفیت، بەڕێوەبەری سەنتەری ڤاکسین لە بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی منداڵانی فیلادێلفیا دەڵێت، "رێژەی کوتان کەم بووەتەوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە نیوەی ویلایەتەکە کوتان نەکراوە، لانیکەم 280,000 منداڵی باخچەی ساوایان ڤاکسینی سوورێژە و بەتایبەتیش سوورێژەی ئەڵمانییان وەرنەگرتووە''.
هەروەها، رێژەی وەرنەگرتنی ڤاکسین لە باخچەکانی ساوایاندا بەهۆکاری ناپزیشکی لە ماوەی ساڵی رابردووی خوێندندا بە رێژەی 17% زیادیکردووە، کە بەرزترین رێژەی زیادبوونە لە یەک ساڵدا لە مێژوودا، لە 3.6% بۆ 4.2% لەسەر ئاستی ئەمریکا.
ڤاکسینەکان لەسەر ئاستی جیهان ژیانی ملیۆنان کەسیان رزگارکردووە، بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تەنیا ڤاکسینی سوورێژە هۆکاری رزگارکردنی ژیانی 59 ملیۆن هاونیشتیمانی بووە لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2024. پێش کوتانی بەربڵاو لە ئەمریکا لە ناوەڕاستی سەدەی 20ـدا، سوورێژە ساڵانە نزیکەی 500 کەسی دەکوشت.
لە کاتێکدا رێژەیەکی گشتیی بەرزی کوتان هەیە، ئەو دایک و باوکانەی کوتان رەتدەکەنەوە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر ئەمریکادا دابەش نەبوون. زۆرجار، رێژەی نزمی کوتان لە چەند ناوچەیەکدا دەبینرێت.



