رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز ئاشکرای دەکات، خانمانی دووگیان بایەخ بە رێژەی ڤیتامین Dـیان بدەن، چونکە گەشەی کۆرپەلەیان باشتر دەکات و جەستەشیان بەهێز دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 22-8-2026 دکتۆر دالیا ئومێد، پزیشکی دەرمانساز لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پێش ئەوەی هەر تەواوکەرێکی خۆراکیی ڤیتامین D بخورێت، دەبێت پشکنین بکرێت، چونکە رەنگە ژەهراویبوون بە ڤیتامینەکە رووبدات لەبەر زۆریی رێژەکەی، ئەمەش کاریگەریی مەترسیداری لەسەر جەستە دەبێت.
دکتۆر دالیا ئومێد دەڵێت: دوو جۆری ڤیتامین دی هەیە بە ناوەکانی (ڤیتامین دی 2 و ڤیتامین دی 3) کە ڤیتامین دی 2 لە خۆراکدا هەیە، بەڵام ڤیتامین دی 3 سەرچاوەی سەرەکیی تیشکی خۆرە و بە تەواوکەری خۆراکیش دەستدەکەوێت.
ڤیتامین و کانزا پێویستەکان بۆ خانمی دووگیان
1- مادەی ئاسن
* خرۆکە سوورەکانی خوێن
* ئۆکسجین دەگەیێنێتە کۆرپە
* گۆشت، ماسی و پاقلەمەنییەکان
2- ڤیتامین A
* پێست و بینایی
* بەرگریی جەستەی کۆرپەلە
* گێزەر، سپێناخ و هێلکە
3- ڤیتامین C
* پووک و ددان
*ئێسک بەهێزدەکات
* میوە ترشەکان، برۆکلی و تەماتە
4- ڤیتامین D
* ئێسک و ددانەکان and
* بەرگریی جەستەی کۆرپەلە
* تیشکی خۆر، ماسی، هێلکە و شیرەمەنییەکان
5- ڤیتامین B12
* پاڵپشتی کۆئەندامی دەمار
* مەترسیی لەبارچوون کەم دەکاتەوە
* ماسی، گۆشتی سوور و شیرەمەنییەکان
6- فۆلیک ئەسید
* نەخۆشییە سکماکییەکان
* گەشەی کۆرپەلە
* سەوزەکان و پاقلەمەنییەکان


