رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی نیوکاسڵ لە بەریتانیا دەریخستووە، تیشکی خۆری هاوین بە تەنیا بەس نییە بۆ دابینکردنی ڤیتامین Dی پێویست ،بەتایبەتی بۆ کەسانی بەتەمەنن.
توێژینەوە بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات کەمیی ڤیتامین D بەربڵاوە، تەنانەت لە مانگەکانی هاوینیشدا کە پێشبینی دەکرا رێژەکەی ئاسایی بێتەوە بەڵام تەنیا تیشکی خۆر بەس نییە بۆ ئەوەی بڕێ پێویست لە ڤیتامین D وەربگیرێت بۆیە باشتر وایە ڤیتامین D لە رێگەی دەنکۆڵە یان تۆزەوە وەربگیرێت
زانکۆی نیوکاسڵ ئاشکرای دەکات ڤیتامین D رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە رێکخستنی کالسیۆم و فۆسفات لە جەستەدا، کە بۆ تەندروستیی ئێسک، ددان و ماسولکەکان پێویستن، کەمیی ئەم ڤیتامینە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک ئێسکەنەرمە، پووکانەوەی ئێسک و لاوازبوونی سیستمی بەرگری زیاد دەکات.
پرۆفیسۆر د. بێرنارد کۆرف، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نیوکاسڵ، دەڵێت، " راستە تیشکی خۆری هاوین بەس نییە بۆ وەرگرتنی بڕی پێویستی ڤیتامین D، بەڵام ئەو ڤیتامین D ی کە لە رێگەی تیشکی خۆرەوە وەردەگیرێت جەستە 100% ی بەکاردەهێنێت، بەڵام کاتێک لە رێگەی خواردنەوە وەریدەگریت، جەستە تەنیا دەتوانێت سوود لە نزیکەی 60%ـی وەربگرێت."



