رووداو - تەندروستی
لە وەرزی هاویندا بە تایبەت کاتێک پلەی گەرمی روو لە زیادبوون دەکات، کاریگەری لەسەر نانخواردنی خەڵکی دەبێت، چونکە زیاتر لە دەرەوە نان دەخۆن و بەشداری لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا دەکەن.
لەم بارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە 18-8-2026 د. سازان مازن، پسپۆری خۆراکناسی کلینیکی بە رووداوی راگەیاند، لەبەر ئەوەی هاوینی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما زۆرجار لە 40 پلەی سیلیزی تێدەپەرێت، جەستەمان برێکی زۆر لە ئاو و کانزاکان لە دەستدەدات، بۆیە ئاوخواردنەوە و هەڵبژاردنی خۆراکی گونجاو بۆ پاراستنی تەندرووستی زۆر گرنگە.
د. سازان مازن ئاماژەی بەوەکرد، بۆ رێگەگرتن لە وشکبوونەوە جەستە لە هاویندا، لەگەڵ خواردنەوەی ئاو، دەکرێ ئەو خۆراکانەی کە برێکی زۆر ئاویان تێدایە هەڵبژێرین وەکو شوتی و کاڵەک، خەیار، ترۆزی، کودی، تەماتە، ماست و ماستاو کە زیاتر لە 90٪ـیان لە ئاو پێکهاتوون و پۆتاسیوم و مەگنسیۆمیان تێدایە بۆ هاوسەنگکردنەوەی ئاو و کانزاکان لە جەستەدا.
هەروەها د. سازان ئاماژەی بەوەش دا، جۆری خۆراک کاریگەریی هەیە، باشترە لە وەرزی هاوین دوور بکەوینەوە لە خۆراکی قورس و سوورەوەکراو یان زۆر تیژ، چونکە لەکاتی هەرسکردنیان، ماندووێتی و بێهێزی تووشی مرۆڤ دەکەن.
بۆیە ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، ژەمەکان زۆر گەورە نەبن و خۆراکی کوڵاو و برژاو لە جیاتی سوورەوەکراو هەڵبژێردرێن.


