رووداو - تەندروستی
مشتێک گوێز لە رۆژێکدا دەکرێت ببێتە کلیلی پاراستنی دڵ و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. توێژەرانی بەریتانی ئەمە بە توێژینەوەکە دەسەلمێنن.
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیمپێڕیاڵ لە بەریتانیا دیاریکردووە، خواردنی گوێز بە شێوەیەکی بەردەوام پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن (زەخت)ـەوە هەیە.
د. داگفین ئۆنن، توێژەر لە زانکۆکە شیکارییان بۆ زانیاریی زیاتر لە 143 هەزار کەس کردووە دەریخستووە، خواردنی نزیکەی 28 گرام گوێز لە رۆژێکدا (مشتێک) مەترسیی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن بە رێژەی ٪20 کەم دەکاتەوە. ئەگەریش لەنێوان 30 بۆ 35 گرام لە رۆژێکدا بخورێت، دەتوانێت مەترسییەکە تاوەکو 26٪ کەم بکاتەوە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 1.4 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشبووی بەرزەپەستانی خوێنن کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی جەڵتەی دڵ و مێشک.
بۆچی گوێز بەسوودە؟
بەپێی توێژینەوەکە، گوێز دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم، چەورییە تەندروستەکان و ئەمینۆ ترشی L-arginine. ئەم پێکهاتانە یارمەتیی بەرفراوانبوونی بۆڕییەکانی خوێن دەدەن و هەوکردن کەم دەکەنەوە.



