رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی بەرازیلی ئاشکرای دەکات، ئەوانەی چەوریی ورگیان زۆرە و ڤیتامین Dـیان کەمە 123٪ ئەگەری مردنی لەناکاویان هەیە بەتایبەت لە کەسانی سەروو 50 ساڵ.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی فیدراڵیی ساو کارلۆس لە بەرازیل بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کۆلێژی لەندەن (UCL) ئەنجامدراوە، بۆماوەی شەش ساڵ چاودێریی زیاتر لە پێنج هەزار کەسی کردووە کە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵییەوە بووە.
داتاکانی توێژینەوە بەرازیلییەکە دەریانخستووە، هەر یەک لە چەوریی ورگ و کەمیی ڤیتامین D مەترسیی مردن بەرز دەکەنەوە، چەوریی ورگ بە تەنیا مەترسیی مردن بە رێژەی 47٪ زیاد دەکات، لە کاتێکدا کەمیی ڤیتامین D بە تەنیا مەترسیی مردن تاوەکو 91٪ بەرز دەکاتەوە، بەڵام کاتێک پێکەوە دەرکەوتن، کاریگەرییەکەیان زۆر زیاتر بووە.
پڕۆفیسۆر د. تیاگۆ ئەلێکساندرێ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "کەمیی ڤیتامین D زیان بە سیستمی بەرگری دەگەیێنێت و ئەو هەوکردنە درێژخایەنەی کە بەهۆی چەوریی زیادەوە دروست بووە، خراپتر دەکات هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاو مەترسیی مردن زیاد دەکات''.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، چەوریی ورگ مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، شەکرەی جۆری دوو و هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات؛ کەمیی ڤیتامین D دەتوانێت ببێتە هۆی نەرمی و لاوازیی ئێسک و ماسوولکە، هەروەها مەترسیی شکانی ئێسک دروستبکات.


