رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس تایبەت بوو بە باسکردنی چیرۆکی ئەو چاکبووەوانەی شێرپەنجە کە لەگەڵ نەخۆشییەکەیان جەنگاون و بەسەریدا زاڵبوون، پزیشکێکی پسپۆڕ کە خۆی شێرپەنجەی تووشبووە و چاک بووەتەوە، لەنێو بەرنامەکەیە و دەڵێت: بڕیارمدا لە کوردستان چارەسەر وەربگرم، چونکە باوەڕم بە کواڵیتی و چارەسەرییەکان هەبوو.
د. رێوان حوسێن، پسپۆری نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی مەمک یەکێک بوو لە میوانی بەرنامەکە و خۆیشی چاکبووەوەیەکی شێرپەنجەیە دەڵێت: هەر کە هەستم بە گرێیەک کرد، پشکنینم کرد و زوو دەستنیشان کرام.
د. رێوان حوسێن بۆ چارەسەری شێرپەنجەکەی هەردوو چارەسەری کیمیایی و چارەسەری تیشکی وەرگرتووە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر زوو شێرپەنجە دەستنیشان بکرێت، چاکبوونەوەکەشی ئاسان دەبێت، بەجۆرێک ئەگەر لە قۆناخی یەکەم و دووەمی شێرپەنجەکە بێت، 95٪ ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە.
ئەو پزیشکە نەخۆشی نەخۆشخانەی نانەکەلی بووە لە هەولێر، ئەوەی ئاشکرا کرد، نەیویستووە بچێتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، چونکە متمانەی بە چارەسەرییەکانی نێوخۆ هەبووە و دەڵێت: هەمان ئەو چارەسەرەی شێرپەنجە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەمان ئەوەیە کە لە وڵاتانی دەرەوە هەیە.
روان عەبدولمەجید، راهێنەر و توێژەری کۆمەڵایەتی لەنێو بەرنامەکە ئەوەی باس کرد کە نزیکبوونەوە و پاڵپشتیکردنی نەخۆش لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە بایەخێکی زۆری هەیە. تەنانەت بە بەشێک لە چارەسەری نەخۆشییەکەی دانا.
بەگوتەی روانی راهێنەر، دەکرێت شێرپەنجە دڵەڕاوکێ دروستبکات، بەڵام دەبێت چارەسەر بکرێت و تووشبوون بە شێرپەنجە هیچ عەیبە نییە.
د. دیما عەبدولجەبار، راوێژکاری نەخۆشییەکانی گرێ و شێرپەنجە کە عێراقییە و لە دوبەی کار دەکات، دەڵێت: رەنگە گوشاری دەروونی ناڕاستەوخۆ رێخۆشکەر بێت بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
تەنانەت ئەوەش باس دەکات کە رۆژانە جەستە خانەی شێرپەنجەیی دروستدەکات، بەڵام بەرگریی جەستە دەیانکوژێت و ناهێڵن گەشە بکەن، بۆیە ئەو کاتەی کە بەرگریی جەستە لاواز دەبێت، ئیدی خانە شێرپەنجەییەکانیش گەشە دەکەن.
ئەو پسپۆڕە عێراقییەی شێرپەنجە ئومێدی بە هاونیشتمانییان دا کە دەکرێت ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی رێگری لە تووشبوون بە چەندین شێرپەنجە بکەن وەکو (شێرپەنجەی جگەر و شێرپەنجەی ملی منداڵدان) پاشانیش هۆشداری دا کە شێوازی ژیانی تەندروست بۆ رێگری لە قەڵەوی بایەخێکی سەرەکییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شێرپەنجە.
.png&w=3840&q=75)

