رووداو - تەندروستی
حکومەتی بەریتانیا ئامانجیەتی تاوەکو 10 ساڵی دیکە ساڵانە 500 هەزار نەشتەرگەری بە هاوکاریی رۆبۆت بکرێن، لەکاتێکدا ئێستا ساڵانە 70 هەزار نەشتەرگەری بەو شێوەیە دەکرێن.
لە هۆڵێکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی سانت بارسۆلۆمۆیۆ لە لەندەن پزیشکەکان لە دوورەوە وەستاون و رۆبۆت خەریکی نەشتەرگەریی شێرپەنجەی سییەکانی نەخۆشێکە.
هاوشانی پزیشکەکان، رۆبۆتیش دەستی لە نەشتەرگەرییەکەدا هەیە و پێنج رۆبۆت بە ناوەکانی داڤینشی 5 بۆ نەشتەرگەریی چارەسەری شێرپەنجەی سییەکانی نەخۆشێک بەکاردەهێندرێن.
د. ساشا ستامینکۆڤیچ، راوێژکاری نەشتەرگەرییەکانی سینگ و سەرپەرشتیاریی رۆبۆتی نەشتەرگەری دەڵێت، ''ئەمە تەکنەلۆژیایەکی نوێیە. کونی بچووکتر و بینینێکی زۆر باشتر دابیندەکات. بە یارمەتیی تەکنەلۆژیا و رۆبۆتە کۆمپیوتەرییەکان ئەم نەشتەرگەرییە ورد دەبێت و دەبێتە نەشتەرگەرییەکی سەلامەت''.
پزیشکەکان کشاونەتەوە و رۆبۆتەکان لەشوێنیاندا کار دەکەن، بەڵام بە سەرپەرشتیی رێنوێنییەکانی پزیشکی راوێژکاری نەشتەرگەری کار دەکەن. ئامانجەکەش ئازاری کەمتر و زوو چاکبوونەوەی نەخۆشەکەیە.
د. عەلی ئەنساریپوور، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییە رۆبۆتییەکانی سینگ و دڵ رایدەگەیێنێت، ''سوودەکانی بریتین لە کەمبوونەوەی ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە، ئازاری کەمتر بۆ نەخۆشەکە، گەڕانەوەی نەخۆشەکە بۆ ماڵەوە لە رۆژی یەکەم یان دووەمدا، دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئاسوودەن و ئازاریان کەمترە. تەنانەت پێویستیشیان بە دەرمانی ئازارشکێنی کەمتر دەبێت دوای نەشتەرگەری''.
حکومەتی بەریتانیا ئامانجێکی داناوە کە تاوەکو ساڵی 2035، لە هەر 10 نەشتەرگەرییەکی بە نازووڕ ئەنجامدراو، کە لە ئینگلتەرا دەکرێن، نۆیان بە یارمەتیی رۆبۆت بکرێن.



