رووداو - تەندروستی
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی موژدەیەک بە جیهان دەدات کە لە شەش بۆ 12 مانگی داهاتوودا یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی چیپ بۆ گەڕاندنەوەی بینایی تاقیدەکاتەوە.
مەسک روونی دەکاتەوە کە ئەم سیستەمە بە ناردنی سیگناڵ راستەوخۆ بۆ توێژاڵی بینایی مێشک، رێڕەوی سرووشتیی چاو و دەماری بینایی تێدەپەڕێنێت و پێشبینیش دەکرێت کە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی داهێنانەکە، کەسی نابینا بە کواڵیتییەکی نزم بینایی بۆ بگەڕێتەوە و بە روونی شتەکان نەبینێت، بەڵام لە داهاتوودا ئەوە باشتر دەبێت.
ئەم داهێنانە نوێیەی کۆمپانیای نیورالینک بە ناوی ''بڵایندسایت''ـە و لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ناونیشانی ''ئامێری پێشەنگ''ـی پێدراوە. بەڵام هێشتا پەسند نەکراوە بۆ بەکارهێنان.
ئەم داهێنانە نوێیە موژدەیەکی گرنگە بۆ کەسانی نابینا و ئیلۆن مەسک موژدەی چارەسەری هەمیشەییان پێدەدات.
ئامانجی کۆمپانیاکە چییە؟
داهێنەرانی کۆمپانیاکەی نیورالینکی ئیلۆن مەسک بۆ چاندنی مێشک، دەیانەوێت لەڕێگەی چیپێک یاخود پارچەیەکی بچووکی ئەلیکترۆنی کە بە ژیریی دەستکرد چالاککراوە و بەرنامەڕێژ کراوە، توانای جووڵە بە کەسانی ئیفلیجبوو بدەنەوە، جگە لەمەش کەسانی نابیناش سوودیان پێبگات و ئەوانیش چارەسەر بکرێن.
ئەو چیپە بچووکانە دەتوانن ئاماژە و سیگناڵەکانی مێشک چالاکبکەن و بە خێرایی بیگوازنەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە، وەکو قاچ و دەستەکان، بەمەش مێشک توانای دەبێت ئەو بەشەی ئیفلیجبووە یاخود لەکارکەوتووە، بکەوێتەوە جووڵە.
ئامانجێکی دیکەی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیەی کە چیپەکە کۆنتڕۆڵی سیگناڵەکانی مێشک دەکات، بەمەش هەر بیرکردنەوەیەک لە مێشکەوە بێت، راستەوخۆ ئەو چیپە وەری دەگرێت و دەزاندرێت کەسەکە بیر لە چی دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەک بکات.


.png&w=3840&q=75)
