رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی کچێکی 24 ساڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکەی پەنای بۆ ژیریی دەستکرد بردووە و دەرمان و رێنوێنیی هەڵەی بەکارهێناوە، بە بێهۆشی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و چوار رۆژیش لە چاودێریی چڕ خەوێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3-8-2026 د. باوەڕ بەختیار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو کە سەرپەرشتیی دۆخی ئەو کچەی کردووە بە رووداوی راگەیاند، ئەو کچە کێشەی لە کۆئەندامی هەرسی هەبوو و ئارەزووی خواردنی کەم ببووەوە، دڵەکزێشی هەبووە؛ چارەسەر و رێنوێنیی پزیشکی لە ژیریی دەستکرد پرسیوە و بە بێ راوێژی پزیشک، ئەو دەرمانانەی بەکارهێناوە کە ژیریی دەستکرد پێشنیازی کردوون.
ئەو پزیشکە دەگێڕێتەوە ''سەرەتا نەخۆشەکە هاتە نەخۆشخانەی شار بێهۆش بوو، دواتر دەستمان کرد بە شووشتنی ناوسکی و ناردنی پشکنینەکان بۆ چاودێریکردنی ژەهراویبوونەکەی، پاشان چوار رۆژ لە یەکەی چاودێریی چڕ خەواندمان تاوەکو بەهۆشخۆی هاتەوە و دۆخی جێگیر بوو''.
د. باوەڕ بەختیار ئاماژە بەوە دەکات، دەرمانەکان ببوونە هۆی خوێنبەربوونی ناوەکی، پەککەوتنی لەناکاوی گورچیلەکان و جگەری کچەکە، هەر بۆیە شووشتنی نێو سکیان بۆ کردووە و لە چاودێریی چڕیش خەواندوویانە.
ئەو کچە دوای ئەوەی کەمێک دۆخی باشتر دەبێت و بەهۆش خۆی دێتەوە ئاشکرای دەکات؛ بەهۆی ئەوەی ئینگلیزی زانیوە، کێشەکەی خۆی بۆ ژیریی دەستکرد باس کردووە و بۆ وەرگرتنی دەرمانەکانیش بەگوێی کردووە، بە بێ ئەوەی راوێژی پزیشک بکات.
.png&w=3840&q=75)

