رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە رووداوی گوت: تائێستا هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا لەنێو منداڵانی سلێمانی تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3-8-2026 د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هیچ تووشبوویەکی نەخۆشیی کۆلێرا لەنێو منداڵان تۆمار نەکراوە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و دەخەوێندرێن، تووشبووی سکچوون و رشانەوەن.
د. کۆیان زاهیر هۆکاری ئەو سکچوون و رشانەوانەی نێو منداڵان دەگەڕێنێتەوە بۆ پیسبوون بە ڤایرۆس و مشەخۆرەکان کە لەڕێگەی ئاو و خۆراکی پیسەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە.
پزیشکان بۆ خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە داوای جێبەجێکردنی ئەم رێنوێنییانە دەکەن؛
- بەبەردەوامی دەستت بە سابوونی شل بشۆ، بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ و دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش.
- تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانتان بە بەردەوامی پاک بکەنەوە.
- سەوزە و میوە بەباشی بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆ پێش ئەوەی بیخۆی.
- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان مەخۆ.
- دڵنیابەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن CDC لە ئەمریکا، کۆلێرا نەخۆشییەکە بەهۆی بەکتریای کۆلێراوە تووشمان دەبێت و چەند جۆرێکی ئەم بەکتریاییە دەبنە هۆکاری نەخۆشی و بەشێکی زۆریشی بەشێوەیەکی ئاسایی لە رێڕەوی هەرسدا جێگیرن.
لەڕێگەی خواردنەوەی ئاو و خواردنی خۆراکی پیسبوو بە بەکتریاکە، خواردنی گۆشتی نەکوڵاو دەگوازرێتەوە. بەڵام لەڕێگەی هەناسەوە ناگوازرێتەوە.
نیشانەکانیشی دەشێت، سکچوونێکی ئاوی، رشانەوا، هێڵنجدان، ئازاری سک و سەر و نەمانی ئارەزووی خواردن بن. رێژەی کوشندەیی دەگاتە %50 ئەگەر تووشبووەکە چارەسەر وەرنەگرێت.
.png&w=3840&q=75)


