رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون پێنج هەڵەتێگەیشتنی باو لەبارەی شیرپێدانی سرووشتی باس دەکات؛ یەکێکیان لەبارەی تێکچوونی جەستە و سینگە.
د. هاوژین عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، شیرپێدانی سرووشتی چەندین سوودی گرنگ بە دایکەکە و منداڵەکەی دەگەیێنێت کە یەکێک لەوانە بۆ دایکەکە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونە بە شێرپەنجە و بۆ منداڵەکەش گەشەی خێرا و باشتر دەکات.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دا لەبارەی قەڵەویی منداڵ بەهۆی خواردنەوەی شیری قوتوو و دەڵێت: ناتەندروستە و منداڵ لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی تووشی چەندین کێشەی درێژخایەنی دەکات بەتایبەت (شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و قەڵەوی).
دەقی وەڵامەکانی د. هاوژین عوسمان لەبارەی پێنج هەڵەی باو سەبارەت بە شیرپێدانی سرووشتی؛
رووداو: ئایا شیرپێدانی سرووشتی شێوەی سینگ و جەستە تێکدەدات؟
د. هاوژین عوسمان: بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێکی نادات، چونکە گۆڕینی شێوەی مەمکەکان پەیوەندیی بە زۆر هۆکاری دیکەوە هەیە وەکو (هەڵکشانی تەمەن، دووگیانبوون، تێکچوونی هۆڕمۆنەکان، زیادبوون و کەمبوونی کێش).
رووداو: شیرپێدانی سرووشتی دەبێتە هۆی لاوازیی گەشەی منداڵ؟
د. هاوژین عوسمان: نەخێر، لە شەش مانگی یەکەمی تەمەنی منداڵدا تەنیا پێویستیی بە شیری دایک هەیە و بە هیچ شێوەیەک گەشە دوا ناخات، تەنانەت رەنگە ئەو منداڵانەی شیری قوتوو دەخۆنەوە، کێشیان زیاتر بێت، بەڵام مانای ئەوە نییە تەندروست بن و بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە قەڵەوبوونە بەهۆی شیری قوتووەوە ناتەندروستە و منداڵ لەماوەی گەورەبوونیدا تووشی چەندین نەخۆشیی درێژخایەن دەکات.
رووداو: بە شیرپێدانی سرووشتی دایک تووشی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ دەبێت؟
د. هاوژین عوسمان: لەکاتی شیرپێدانی سرووشتیدا هۆڕمۆنەکانی (ئۆکسیتۆسین و پڕۆلاکتین) لە جەستەی دایکەکە زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات، دایکەکە زیاتر هەست بە ئارامی دەکات و زیاتر هەست بە پەیوەندیی نێوان خۆی و کۆرپەکەی دەکات. ئەو ناڕێکییە دەروونییەی دایکان دوای منداڵبوون تووشی دەبن پەیوەندیی بە شیرپێدانی سرووشتییەوە نییە، بەڵکو هۆکاری دیکەی هەیە.
رووداو: دایکانی شیردەر ئاساییە لەماوەی شیرپێداندا هەموو شتێک بخۆن و بخۆنەوە؟
د. هاوژین عوسمان: لەماوەی شیرپێدانی سرووشتیدا هیچ خۆراکێک نییە کە قەدەخە بێت بخورێت، بەڵکو چەندین خۆراک هەن کە دەبێت دایکان بیخۆن بۆ ئەوەی شیریان زیاتر بێت وەکو (سەوزەکان، میوەکان، کاربۆهیدرات و ئاوخواردنەوەی بەردەوام)، بەڵام لەکاتی بەکارهێنانی دەرمان پێویستە پزیشک ئاگادار بکاتەوە، چونکە هەندێک مادەی نێو دەرمان دەکرێت لە شیرەکەوە بگوازرێنەوە بۆ منداڵەکە. هەروەها دایکانی شیردەر پێویستە دووربکەونەوە لە کحول و کافایینیش کەم بکەنەوە.
رووداو: مەمکی قەبارە بچووک شیری کەمترە بەراورد بە مەمکی قەبارە گەورە؟
د. هاوژین عوسمان: قەبارەی سینگی خانمان هیچ پەیوەندیی بە رێژەی بەرهەمهێنانی شیرەوە نییە، چونکە قەبارەی سینگ خانە چەورییەکانی مەمک دیاری دەکات، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنانی شیر لەلایەن رژێنەکانی شیرەوە دەردەدرێت و هەرچەندە خانمان شیر بدەن، ئەوەندە شیرەکەیان زیاد دەکات.



