رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری ژیانی خانمێکی گەنجی دووگیان کە 20 ساڵ بووە، لە یەکەم دووگیانیدا تووشی تەقینی کیسێکی گەورەی هێلەکدانی هاتووە و بەپەلە نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ کراوە، پاشان کیسەکەی بۆ دەرهێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3-8-2026 د. رۆز عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، لەکاتی ئێشکگریدا خانمێکی گەنجی دووگیان بە ئازارێکی تووندی سکییەوە هاتە بەشی فریاکەوتن، دوای پشکنین دەرکەوت، کیسێکی گەورەی 7 بۆ 8 سانتیمەتری هەیە و مەترسیی لەسەر کۆرپەلەکەی دروستکردووە.
دواتر پزیشکان بڕیاری نەشتەرگەرییان بۆی داوە، بەڵام بەگوتەی د. رۆز عەلی، لەکاتی هەڵدڕینی سکی خانمەکە بۆ ئەوەی کۆرپەلەکە دەربکەن، دەرکەوتووە کیسەکە تەقیوە و لە جۆری کیسی چوکلێتیی هێلکەدان بووە.
کیسی چوکلێتیی هێلکەدان چییە؟
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، ئەو کیسە پڕە لە خوێنی کۆن و گەنیو لەگەڵ شلەی جەستە کە کۆبوونەتەوە و رەنگی وەکو چوکلێتی تواوە دەردەکەوێت. زۆرجار دەبێتە هۆی ئەستووربوونی نێوپۆشی منداڵدان و زیان بە منداڵدان دەگەیێنێت. تاوەکو ئێستاش هۆکارەکەی دیار نییە، بەڵام بەگشتی (بۆماوەیی، ناڕێکیی هۆڕمۆنەکان و نەخۆشییە خۆییە بەرگرییەکان) دەکرێت ئەگەری تووشبوونی زیاد بکەن.
نیشانەکانی
- ئازار لەکاتی سێکس
- ئازاری زۆر لەکاتی سووڕی مانگانە
- میزەچرکێ
- رشانەوە و هێڵنجدان
- ئاوسانی سک
- پشتئێشە
کێ ئەگەری تووشبوونی زۆرە؟
- ئەوانەی لە ماڵباتەکانیان تووشبووی کیسی هێلەکدان هەیە.
- ئەوانەی لە 11 ساڵیو زووتریش سووڕی مانگانەیان دەستپێدەکات.
- ئەوانەی سووڕی مانگانەیان کەمتر لە 27 رۆژە و لە حەوت رۆژدا خوێنبەربوونیان دەبێت.
- ئەوانەی کێشەی سکماکیی جۆگەی فالووپ و منداڵدانیان هەیە.
چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
- بە تیشک و سۆنەر دەستنیشان دەکرێت و دەکرێت لەڕێگەی چاودێریکردن، دەرمان و نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت.



