رووداو دیجیتاڵ
تنۆک محەممەد، کچێکی تەمەن هەشت ساڵ لە شارەدێی عەربەت، لە رۆژی لەدایکبوونییەوە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەنی دڵ بووە. ئێستا تەنیا هیوای ئەو بۆ مانەوە لە ژیان، ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گۆڕینی دڵ و سییەکانە، نەشتەرگەرییەک پزیشکان دەڵێن لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە.
تنۆک بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت وەکو هاوتەمەنەکانی یاری بکات و تەنانەت لە خوێندنیش بێبەش بووە. ئەو دەڵێت: "دڵم نەخۆشە، هەناسەم بۆ نادرێت. رۆژێک خەریک بوو بخنکێم و گیانم شین بووەوە. حەز دەکەم دڵم چاک بێتەوە."
محەممەد ساڵح، باوکی تنۆک، ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کچەکەی لای زۆربەی پزیشکە پسپۆڕەکانی دڵ و سییەکان لە هەرێمی کوردستان بردووە، بەڵام وەڵامی هەموویان وەکو یەک بووە: "چارەسەری لێرە نییە."
باوکی تنۆک بە نیگەرانییەوە باس لە تێکچوونی باری تەندروستیی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "رۆژ بە رۆژ بارودۆخی خراپتر دەبێت. تەنیا داواکاریی من ئەوەیە هاوکاریمان بکەن تا منداڵەکەم چاک بێتەوە."
دکتۆر ئاسۆ فایەق، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە منداڵییەوە چاودێریی دۆخی تنۆک دەکات، دەستنیشانی جۆری نەخۆشییەکەی دەکات و دەڵێت، نەخۆشییەکەی لە جۆری"چوارینەی فالۆت"ە (Tetralogy of Fallot) و لە دایکبوونەوە کێشەی لە پێکهاتەی دڵ و رێگاکانی گەیاندنی خوێنیدا هەیە.
بەپێی گوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، بۆریی گەیاندنی خوێن بۆ سییەکانی تنۆک دروست نەبووە و رێگاکانی هەناسەدانیشی تەسک و ئاڵۆزن، بۆیە تەنیا چارەسەری کۆتایی، گۆڕینی دڵ و سییەکانە.
د. ئاسۆ فایەق دەشڵێت: "پێویستە دڵ و سییەکان لە کەسێک وەربگیرێت هەمان گرووپی خوێن و تەمەنی لە تنۆکەوە نزیک بێت، ئەوە تەنیا چارەسەری ئەم دۆخەیە."
نەخۆشییەکە نەک هەر ژیانی تنۆک، بەڵکو شێوازی ژیانی خێزانەکەشی گۆڕیوە. ئەوان بەردەوام چاودێری دەکەن، چونکە هەر ساتێک ئەگەری هەیە تووشی هەناسەتەنگیی توند بێت و ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە. ئێستا تنۆک و خێزانەکەی چاوەڕێی دەستێکی هاوکارین تاوەکو بتوانن لە دەرەوەی وڵات ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ ئەنجام بدەن و ژیانی لە مەرگ رزگار بکەن.


