رووداو - تەندروستی
لە پێشانگەی ددانی هاربینی 2026 لە چین، رۆبۆتێکی نەشتەرگەریی دەم و ددان نمایش کرا کە دەتوانێت لەماوەی تەنیا شەش خولەکدا ددانێک بچێنێت.
ئەم تەکنەلۆژیایە نوێیە، کە لە پێشانگەکەدا سەرنجی زۆری بۆ لای خۆی راکێشا، بە گوتەی پزیشکەکان، کاتی نەشتەرگەری بە رێژەی 50٪ کەم دەکاتەوە و ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆسەکەش زیاد دەکات.
د. دوو جیانیو، لە نەخۆشخانەی زانکۆی جیاموسی رایگەیاند: "ئەم رۆبۆتە نەشتەرگەرییەکە بە کەمترین دەستێوەردان دەکات کە دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەی برین، کەمبوونەوەی خوێنبەربوون و مەترسیی هەوکردن''.
جگە لەم رۆبۆتە، چەندین تەکنەلۆژیای دیکەی پزیشکیی پێشکەوتوو لە پێشانگاکەدا نمایشکران، لەوانە:
* سیستمی زانیاریی دەماری: لەڕێگەی کۆکردنەوەی سیگناڵەکانی مێشکەوە، یارمەتیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان دەدات.
* ئامێری CTی پێشکەوتوو: وێنەی دڵ دەگرێت لەکاتێکدا نەخۆش بە ئاسایی هەناسە دەدات، کە رێژەی سەرکەوتنی پشکنینەکان بەرز دەکاتەوە.
* ئامێری ژیریی دەستنیشانکردن: بەهۆی ژیریی دەستکردەوە، لەڕێگەی پشکنینی زمان و لێدانی دڵەوە، نەخۆشییەکان خێراتر و وردتر دەستنیشان دەکات.



