رووداو - تەندروستی
پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دەستپێکی ژیانێکی نوێیە و نەک تەنیا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو لەڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە کاریگەریی کورتخایەن و درێژخایەنی هەیە.
ئەمانەی خوارەوە چەند گۆڕانکارییەکی سەرەکین کە بەسەر جەستە و تەندروستیی تاکدا دێن کاتێک ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت؛
1- کێشەی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنت کەم دەبێتەوە؛ بە گوێرەی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا NIH بەهۆی ئەوەی کە گوشار و دڵەڕاوکێ لەنێوان هاوژینی پاڵپشتیکاردا کەمە، ئەمەش وادەکات باشتر کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێنیان بکەن. تەنانەت ئەگەر دوو هاوژینەکە تەندروست بن، باشتر کۆنتڕۆڵی خۆراک و رێژیمی خۆیان دەکەن کە ئەمەش رێگرە لە گیرانی لوولەکانی خوێن و جەڵتە.
2- ئەگەری جەڵتەی دڵ و مێشکت کەمتر دەبێتەوە؛ دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەوانەی ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاوژینێکی تەندروستدا پێکدەهێنن باشتر کۆنتڕۆڵی کێشڕێکی و خۆراکەکانیان دەکەن، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەکان کەمتر دەبێتەوە.
3- بەدەمهاتنی دەروونیت زیاتر دەبێت؛ توێژینەوەیەکی گۆڤاری باشووری ئەفریقا بۆ دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکات، دوای هاوسەرگیری پاڵپشتیی دەروونیی تاک زیاتر دەبێت و ئەمەش وادەکات کەسەکە ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییە دەروونییەکان کەمتر ببێتەوە.
4- هەست بە تەنیایی ناکەیت، چونکە کەسێک هەیە بە قووڵی هاوبەشی خەمەکانت بێت؛ ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا NHS دەریدەخات، هەستکردن بە تەنیایی لەنێو سینگڵەکاندا دوو بۆ سێ ئەوەندە زیاترە بەراورد بەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، ئەمەش لەبەر ئەو پاڵپشتییە دەروونییەی نێوان هاوژینان و خێزانەکانیان لەنێو یەکدی.
5- مەترسی و سەرکێشی کەمتر دەکەیتەوە، ئەمەش زیاتر دەتپارێزێت؛ هەر بەپێی NHS، هاوژینان لەبەر ئەوەی لە خەمی یەکدی و خەمی خێزان و منداڵەکانیانن، سەرکێشی کەمتر دەکەنەوە و زیاتر سەرقاڵن بە کارەکانی خۆیانەوە، ئەمەش لەماوەی سینگڵیدا زۆر روودەدات، هەر بۆیە کەمکردنەوەی سەرکێشیش ئەگەری تووشبوون بە چەندین رووداوی نەخوازراو و ناتەندروستبوون کەم دەکاتەوە.
6- دەروونت ئاسوودەتر دەبێت؛ بەپێی NHS ئەوانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن دەرووندروست و ئاسوودەترن بەراورد بە کەسانی سەڵت، چونکە پاڵپشتیی کۆمەڵایەتیی زیاتریان هەیە و لە ئەگەری بوونی هەر تەنگژە و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسی، دەتوانن بە خێرایی پاڵپشتیی دەروونی وەربگرن.
7- کێشت خێراتر زیاد دەبێت، ئەگەر هاوژینەکەت خۆراکی خۆش بێت؛ توێژینەوەیەکی بەشی خۆراکی زانکۆی کارۆلینای باکوور ئاشکرای دەکات، ئەگەر یەکێک لە هاوژینەکان ناتەندروست بێت و حەزی لە خۆراکی چەور و ناتەندروست بێت، ئەوا کێشی هاوژینەکەی بەهەمان شێوە خێرا زیاد دەبێت، چونکە هەردووکیان بەیەکەوە هاوبەشی خۆراکەکانیان دەکەن، بەتایبەت لەنێو خانمانی ناتەندروست کە وادەکەن هاوژینەکانیان ناتەندروست بێت.
8- خۆراکی تەندروستتر دەخۆیت، ئەگەر هاوژینەکەت تەندروست بێت؛ زانکۆی هارڤارد بە پێچەوانەی خاڵەکەی سەرەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر هاوژینەکان پەیڕەوی رێژیمی خۆراکی تەندروست ببن، هەردووکیان تەندروستن و ئەمەش باشتر کۆنتڕۆڵی تەندروست بوون و کێشڕێکی و رێگری لە قەڵەوبوونیان دەکرێت.
لە کۆتاییدا پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، ''مەرج نییە ئەم سوودانە لە ساڵی یەکەم و دووەمی ژیانی هاوژینتدا بەسەر بێت، بەڵکو هەندێکیان دوای 10 بۆ 20 ساڵ لە پێکەوەبوون بەدەستیان دەهێنیت''.
.png&w=3840&q=75)


