رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای زیقار زۆرترین ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی لەسەر ئاستی عێراق بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکردووە. بەرپرسێکی پارێزگاکەش حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانێت.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران، 105 کەس لە زیقار تووشی پەتاکە بوون و نۆ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئەمە شەشەمین ساڵی لەسەریەک پارێزگای زیقار زۆرترین تووشبوون و گیانلەدەستدانی بەو پەتایەی تێدا تۆمار دەکرێ.
بەرپرسانی خۆجێیی لە زیقار، هۆکاری خراپیی دۆخەکە بۆ کەمیی پاڵپشتیی حکومەت دەگەڕێننەوە. ئەحمەد خەفاجی، سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە رووداوی گوت: "ئەو ئامێر و کەرەستانەی لەبەردەستمانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە زۆر سنووردارن. دەرمانی قڕکەری پێویست و کارمەندی پسپۆڕی ڤێتێرنەریمان کەمە."
ئەحمەد خەفاجی گوتی، داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە "بودجەیەکی بەپەلە" بۆ کڕینی دەرمانی قڕکەر لە بازاڕە نێوخۆییەکان تەرخان بکات، تاوەکو بتوانن هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە چڕ بکەنەوە.
هاوکات عەلی حەموود، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری زیقار ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما وایکردووە ڤایرۆسەکە خێراتر بڵاوبێتەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری گوتی: "کەمیی بودجە، پابەندنەبوونی ئاژەڵداران بە رێنماییەکان و نەبوونی ژێرخانی پێویست هۆکار بەربڵاوی پەتاکەن. لە تەواوی پارێزگاکەدا تەنیا یەک سەربڕخانەی مۆدێرن لە قەزای شەترە هەیە کە تەنیا 10٪ـی پێویستییەکان پڕ دەکاتەوە، ئەوەش وایکردووە سەربڕینی ئاژەڵ لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا زۆر زیاد بکات."
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێ مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێ. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە.
ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەک
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک



