رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری سەنتەری هەولێری فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیێنێت، بەهۆی دواکەوتن و نەناردنی بڕی پێویستی بەشەدەرمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، کەمی لە دەرمانی نەخۆشییەکانی پێست هەیە بەتایبەت دژەکەڕووەکان و چارەسەرییەکانی زیپکە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21-7-2026 د. دیندار شەریف، بەڕێوەبەری سەنتەری هەولێری فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی پێست بە رووداوی راگەیاند، لە کەرتی تایبەتدا هەموو دەرمانەکانی نەخۆشییەکانی پێست بەردەستن و بە ئاسانی دەستدەکەون، بەڵام لە کەرتی حکومیدا کەمی لە زۆربەیاندا هەیە.
د. دیندار شەریف ئەوەش باس دەکات، لە سەنتەری هەولێری فێرکاری بۆ پێست بڕێکی زۆر لە دەرمانەکانی گەڕی بەردەستن، چونکە ئێستا نەخۆشییەکە باو بووە و چارەسەرییەکانیش بۆ نەخۆشەکان لەو سەنتەرە بەردەستە.
ئەو باسی دوو جۆری نەخۆشیی پێست دەکات و دەڵێت: ئەم ساڵ نەخۆشیی گەڕی و نەخۆشییە کەڕووییەکان زیاد بوون و بەراورد بە ساڵانی رابردوو خەڵکی زیاتر تووشیان دەبێت.
لەبارەی نەخۆشخانەکەشەوە گوتی: ئەوە باشترین سەنتەری پێستە لە هەموو عێراق بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست و راهێنانی پزیشکان، هەروەها گەورەترین سەنتەرە لەڕووی بوونی راوێژکارییەکانی پێست چونکە رۆژانە شەش پزیشکی راوێژکار لەگەڵ چەندین پزیشکی نیشتەجێی دێرین دادەنیشن بۆ چارەسەری نەخۆش. پاشانیش راوێژکاریی نەشتەرگەرییەکانی پێست هەن بەتایبەت لابردنی گرێ شێرپەنجەیی و ناشێرپەنجەییەکانی ژێرپێست.
بەگوتەی د. دیندار شەریف، هەر نەخۆشێک دۆخەکەی سەخت بوو، بە لیژنە چارەسەر دەکرێت و رێنوێنیی تەواوی پێدەدرێت.


.png&w=3840&q=75)
