رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی ئوسترالی دوای سکپڕییەک کە لەلایەن نەخۆشخانەی رۆیاڵ بریزبەین ئاند وێمنز بە "یەکجار مەترسیدار" وەسفکرابوو، بە شێوەیەکی سروشتی چوار کۆرپەی هاوشێوەی بوو، کە رووداوێکی زۆر دەگمەنە.
چوار منداڵەکە کە هەموویان کچن، رۆژی 14ـی تەممووز لە هەفتەی 28 و چوار رۆژیدا لە رێگەی نەشتەرگەریی قەیسەرییەوە لەدایکبوون. چوار کۆرپەکە لە یەک هێلکەی پیتێنراو دروستبوون.
نەخۆشخانەکە رایگەیاند، دایکی منداڵەکان کە ناوی جێنیتار نامۆنایە و تەمەنی 34 ساڵە، لەگەڵ جۆرسامی هاوژینی پێشتر چوار منداڵی دیکەیان هەبووە.
دکتۆر ئەلێکسا بێنداڵ، کە لە سەرەتای سکپڕییەکەوە سەرپەرشتیی ژنەکەی کردووە، دەڵێت، دروستبوونی چوارینەی هاوشێوە "لە هەر 15 ملیۆن سکپڕییەکدا یەک جار روودەدات، بەڵام ئەوەی کە هەر چواریان لە یەک وێڵاشدا بن، شتێکە تاوەکو ئێستا نەبیستراوە."
دکتۆرەکە گوتی، سکپڕییەکە زۆر مەترسیدار بووە، بۆیە نەخۆشخانەکە لە هەفتەی 25ـەوە ژنەکەیان خەواندووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی بکرێت. گوتیشی: "هەمیشە دەمانگوت ئەگەر بتوانین بیگەیەنینە هەفتەی 28، ئەوا کارێکی باشمان کردووە. بۆیە ئەوەی کە چوار منداڵی جوان و تەندروستمان لە هەفتەی 28 و چوار رۆژیدا هەیە، شتێکی باوەڕپێنەکراوە و ئێمەش زۆر دڵخۆشین کە بەشێکین لەم رووداوە."
جێنیتار دەڵێ، دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان، خۆی و هاوژینەکەی زۆر سوپاسگوزاربوون.
پزیشکەکە باس لەوەش دەکات، جێنیتار لە رۆژی یەکەمەوە زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کردووە و "بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لە هەموو ئاڵۆزی و مەترسییەک بۆ سەر خۆی و منداڵەکانی پاراستووە."
کۆرپەکان ناویان نراوە ئێمیلی، هاریێت، کاترین و ئەلێکسا، کە ئەمەی دواییان بە ناوی پزیشکەکەیەوە ناونراوە و دکتۆر بێنداڵ ئەمەی بە "رێزلێنانێکی جوان" وەسف کردووە.
بە گوتەی پزیشکەکە، منداڵەکان لە یەکەی چاودێریی چڕی تازەلەدایکبووان لە نەخۆشخانەکە دەمێننەوە تاوەکو کاتی ئاسایی گەشەکردنی خۆیان تەواو دەکەن و تەندروستییان "زۆر باشە".
تەمەنی چوار منداڵەکەی دیکەی خێزانەکە لە نێوان یەک بۆ 10 ساڵیدایە و بەم دواییەش دایکەکە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی بەخشینی ئۆنلاینی راگەیاندووە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی ڤان کە لانیکەم 10 کورسیی هەبێت.
لە پەیامێکدا کە لەگەڵ هەڵمەتەکەدا بڵاویکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 37 هەزار دۆلاری ئوسترالی (نزیکەی 19 هەزار پاوەند)ـی تێدا کۆکراوەتەوە، دایکەکە نووسیویەتی: "چوار موعجیزە بەنرخەکەمان بە سەلامەتی گەیشتن، لە کاتێکدا دڵمان پڕە لە سوپاسگوزاری، بەڵام راستیی چاودێریکردنی چوار کۆرپە لە یەک کاتدا، رووبەڕووی ئاستەنگییەکی کردووینەتەوە کە هەرگیز خەیاڵمان نەدەکرد."


