رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشکی دەرمانی لە رێگەی کۆمپانیای کیمادیاوە هەیە. راشیگەیاند، بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان پێویستە لە یاسای بودجەی 2027 گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەممووزی 2026 زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، لە وەزیری تەندروستیی عێراقی پرسی، پشکی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی دەرمان و ناردنی چۆنە؟ لە وەڵامدا عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند: "لەمبارەیەوە سازان کراوە، پشکی دەرمانیان لە رێگەی کۆمپانیای کیمادیاوە هەیە، لە یاساکانی بودجەی رابردوودا لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕاوە."
کیمادیا (کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردن و دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی) دامەزراوەیەکی فەرمییە و سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراقە. ئەم کۆمپانیایە بەرپرسە لە کڕین، هاوردەکردن، و دابینکردنی سەرجەم دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان، ڤاکسینەکان بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئەوان وەک وەزارەت پابەندن بەو رێکارانەی وەزارەتی دارایی عێراق سەپاندوونی و گوتی: "رێککەوتن هەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتەکان، وەک داهاتی دەروازە سنوورییەکان و نەوت و هاوشێوەکانی، رادەست بکات. ئێمە بەگوێرەی توانا هەوڵی گونجاندنی دۆخەکە دەدەین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەردەوام بێت و پشت بەخوا ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنین."
ئەم لێدوانانەی وەزیری تەندروستیی عێراق لە کاتێکدایە، زۆرجار ناوەندە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن و گلەیی ئەوە دەکەن کە بەغدا بەگوێرەی پێویست پشکەکەیان بۆ رەوانە ناکات.
سەبارەت بە چارەنووسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، عەبدولحوسێن مووسەوی گوتی: "پێویستە ئەم بابەتە لە کاتی گفتوگۆکانی پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت."


