رووداو - تەندروستی
لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هۆشداری بە ئەندامانی دەدات کە ''بەهیچ شێوەیەک پڕوپاگەندە و رێکلامکردن بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و نرخی پشکنینی تاقیگە و چارەسەری سرووشتی نەکەن''.
لقی سلێمانیی سەندیکاکە نووسراوەکەی هاوپێچکردووە لەگەڵ نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە لەبارەی قەدەخەکردنی رێکلامکردن بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سۆشیاڵ میدیاکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 20-7-2026 هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە گشتیگیرە بۆ هەموو کارمەندانی تەندروستی و ئەوەی سەرپێچی بکات، دەدرێتە دادگە و سزا دەدرێت.
هاوژین عوسمان ئەوەشی باس کرد کە ئێستا کێبڕکێی تاقیگە و سەنتەرەکانی چارەسەری سرووشتی لەسەر نرخە و بە بڵاوی لە سۆشیاڵ میدیاکان نرخ دادەنێن، پاشانیش دەستەواژەی ''گرێنتی و بە شەرت'' بەکاردەهێنن کە ئەوانە لەنێو بواری پزیشکیدا نابێت بگوترێن.
لە نووسراوەکەی سەندیکاکەدا ئەوەش هاتووە کە ''رێکلامکردن بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لەڕێگەی سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شێوەی دەنگ، رەنگ، کۆمێنت و نامە قەدەخەیە''
تاقیگەکان سۆشیاڵ میدیاکانیان تەنیوە بە دانانی نرخ و داشکاندن بۆ پشکنینەکانیان، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو نرخانە راست نین و بۆ سەرنجڕاکێشانی هاونیشتمانییان دادەنرێن، هەر بۆیە وەزارەتی تەندروستیش بە تووندی دژی ئەو کارەیە.


