رووداو - تەندروستی
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی شارەزوور رایدەگەیێنێت، قوربانییانی رووداوەکانی ماتۆڕ زۆرترین ئەوانەن کە دێنە فریاکەوتن. لەبارەی کەمیی کارمەندیشەوە هۆشداری دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 20-7-2026 سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین ئەوانەی دێنە فریاکەوتن بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە بووە و ماتۆڕسوار بوون.
سامان سابیر باسی ئامارێک دەکات و دەڵێت: رۆژانە لانیکەم یەک بۆ دوو قوربانیی پێکدادانی ماتۆڕ تۆمار دەکەین و رۆژ هەبووە گەیشتووەتە شەش کەس. تەنانەت ئەمڕۆ کە قسەی بۆ رووداو دەکرد گوتی: دوو گەنج لە فریاکەوتن چارەسەریان بۆ دەکرێت کە ماتۆڕسوارن.
ئەو روونی دەکاتەوە، ماتۆڕسواران تووشی شکانی تووند و لەجێچوونی ئێسک و جومگەکانیان دەبنەوە، ئەوانەشی کە دۆخیان خراپە دەنێردرێنە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
لە کۆتایی قسەکانیدا بەرپرسی فریاکەوتنی شارەزوور ئاماژەی بە کەمیی کارمەند دا و گوتی: ''بەڵێنی زیادکردنی کارمەندمان پێدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە''.
.png&w=3840&q=75)

