رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئیسپانیا هۆشداری دەداتە خانمانی دووگیان کە ئەگەر بەرکەوتەی گەرمای زۆر و بەردەوام بن، رەنگە دۆخی کۆرپەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.
توێژینەوەکە لە پەیمانگەی تەندروستیی نێودەوڵەتیی بارسێلۆنا لە ئیسپانیا لەسەر سێ هەزار و 251 منداڵ کرا و دەرکەوت، ئەو خانمانەی لە سەرەتاکانی دووگیانیدا بەر گەرمای زۆر کەوتوون، دۆخی خانە دەمارییەکانی کۆرپەکانیان دوای لەدایکبوون ناڕێک بووە و تووشی کێشەی دەماری بوون.
د. لاورا گرانس، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: بەرکەوتنی زۆر بەر گەرما خوێنی کەمتر لە وێڵاشەوە رەوانەی کۆرپەلە دەکات و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر گەشەی ئەندامەکانی کۆرپەلە.
توێژەران پشکنینی MRIـیان بۆ مێشکی ئەو منداڵانە کردووە کە دایکیان لەماوەی دووگیانیی ئەواندا بەر گەرما کەوتوون و دەرکەوتووە بەشی لانک یاخود بنکەی مێشکیان جیاواز بووە لەو منداڵانەی کە دایکیان بەر گەرمای زۆر نەکەوتوون.
ئەو پلەی گەرمییەی لە توێژینەوەکەدا باس کراوە کە مەترسیی هەیە بۆ سەر کۆرپەلە، سەروو 20 پلەی سەدییە.


