رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ سوودێکی جیاوازی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن کە ناسراون بە دەرمانەکانی دژەقەڵەوی ئاشکرا دەکات و توێژەران دەڵێن، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی سۆزداری و باشتر دەستکەوتنی کار بەسوودن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد کرا و دەرکەوت، ئەو خانمانەی بە سەرکەوتوویی کێشیان بەهۆی دەرمانەکانی دژەقەڵەوییەوە دابەزاندووە، گۆڕانکارییان لە چەندین بواری ژیانیاندا بەسەردا هاتووە وەکو دامەزراندن، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و باری کۆمەڵایەتی.
ئەوانەی دەرمانەکانیان بەکارهێناوە 29٪ رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیان زیاتر بووە بەراورد بەوانەی دەرمانەکانیان بەکارنەهێناوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەشڕێکی هاندەرێکی باشە بۆ دۆزینەوەی هاوبەشی ژیان.
تەنانەت دوای بەکارهێنانی دەرمانەکانیش هەلی دەستکەوتنی کار 27٪ زیاتر بووە.
پڕۆفیسۆر د. رێبیکا دایمۆند، پسپۆڕی ئابووری لە زانکۆکە کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت: دابەزاندنی کێش متمانەی زیاتر بە تاک دەدات و ئەمەش دەرفەتێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و هاوژین زیاتر دەکات.
توێژینەوەکە تەنیا لەسەر خانمان کراوە ''چونکە ئەوان زیاتر لە پیاوان ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنن و رێژەی قەڵەویش لەنێویاندا زۆر زیاترە''.
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا NHS، ئەمانە نابێت دەرمانی دژەقەڵەوی وەربگرن؛
- تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی پەنکریاس و زراو
- ئەوانەی نەخۆشیی کوێرەڕژێنەکانیان هەیە
- ئەوانەی نەخۆشیی رژێنی پەریزادە (غودە)ـیان هەیە
- خانمانی دووگیان و شیردەر



