- رووداو - تەندروستی
لە کۆنفرانسی جیهانیی ژیریی دەستکرد لە شەنگهای چین پێشکەوتنێکی گەورەی ژیریی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا باس دەکرێت.
پڕۆفیسۆرێکی چینی دەڵێ، ژیریی دەستکرد شێرپەنجە کوشندەکان زوو دەستنیشان دەکات، ئەمەش وادەکات، چارەسەریان ئاسان بێت و نەگەنە قۆناخی مەترسیدار.
پڕۆفیسۆر د. لیو ینبینگ، پسپۆڕی نەخۆشخانەی رێنجی لە شەنگهای دەڵێت ''دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی پەنکریاس یەکجار ئەستەمە. کاتێکیش دەدۆزرێتەوە، زۆرجار زۆر درەنگە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرەنجامێکی زۆر خراپ و چارەسەرکردنی ئاڵۆز. لە هەر 10 تووشبوویێک، 9ـیان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ ناژین، هەندێکیشیان بۆ ماوەیەکی کەمتر. ئەمەش جەخت لە گرنگیی زۆری پشکنین و دەستنیشانکردنی پێشوەختە دەکاتەوە''.
ژیریی دەستکرد موژدەیەکی نوێ بە تووشبووانی شێرپەنجە و ئەوانەش دەدات کە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زۆرە.
پزیشکانی چین دەڵێن، ئێستا بە ژیریی دەستکرد دەتوانن بە وردی خانە شێرپەنجەییە ئاڵۆزەکان بناسنەوە و زووش شێرپەنجە دەستنیشان بکەن.
د. ژی یوهان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی هەرس و جگەر لە چین گوتی ''مۆدێلێکی دەستنیشانکردنی پاڵپشت بە ژیریی دەستکردمان بۆ زراو پەرەپێداوە، بۆ زوودەستنیشانکردن و زووپێزانینی شێرپەنجەی زراو. کاتێک پزیشکێک سەیری وێنەیەکی پشکنینی سی تی سکان دەکات، وەکو ئەوە وایە بە چاوی ئاسایی سەیری تابلۆیەکی کێشراو بکات و وردەکارییەکان زۆر نابێنێت، بەڵام ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییانە بە وردییەکی زۆرەوە پێشان بدات''.
تاوەکو ئێستا ژیریی دەستکرد بۆ نزیکەی 170 جۆری شێرپەنجە بەکاردەهێندرێت و زیاتریش بۆ شێرپەنجەکانی (کۆڵۆن، سییەکان، مەمک و پڕۆستات) وردە.



