رووداو - تەندروستی پزیشکێکی نەخۆشییە دەروونییەکان رایدەگەیێنێت، لە ژیانی رۆژانە و پیشەییدا، هەموومان رووبەڕووی ساتگەلێک دەبینەوە کە تێیدا ئاستی چاوەڕوانییەکان بەرزە و هەموو چاوەکان روو لە ئێمەن جا ئەوە پێشکەشکردنی وتارێک بێت لە بەردەم ئامادەبوواندا، یان ئەنجامدانی گرنگترین جووڵە لە یارییەکی چارەنووسسازدا وەکو لێدانی سزا. دکتۆر شێروان عەبدولڕەحمان، پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان بە رووداوی راگەیاند، لەو ساتانەدا، هەستکردن بە گوشاری دەروونی دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەو کارەی بە ئاسانی ئەنجاممان دەدا، لەپڕ تووشی پەککەوتن و لاوازی ببێت. ئەو روونی دەکاتەوە، ئەم دیاردەیە لە دەروونناسیدا بە choking under pressure «خنکان لە ژێر گوشاردا» ناسراوە. کە بریتییە لەو حاڵەتەی کە مرۆڤ سەرەڕای ئەزموون و کارامەیی پێشینەی، بەهۆی چاوەڕوانیی زۆری خەڵک و کەوتنە ژێر گوشاری دەروونیی زۆرەوە، توانای جێبەجێکردنی کارەکانی لەدەست دەدات و ئاستی کارکردنی دادەبەزێت. ئەوەشی باس کرد کە ئەمە تەنیا بریتی نییە لە ''نەتوانین''، بەڵکو بریتییە لە تێکچوونی ئەو لێهاتووییەی کە پێشتر بە ئۆتۆماتیکی (بێ بیرکردنەوە) ئەنجام دەدران کە پێی دەگوترێت destruction of automaticity (لەناوچوونی خۆکارانانە). ئامارەکانی مۆندیال سەبارەت بە مێسی و لێدانی سزا باش ناڵێن، لەم مۆندیالەدا تائێستا لە کۆی دوو لێدانی سزا هەردووکیانی نەکردووەتە گۆڵ و لەکۆی هەشت لێدانی سزا لەو کاتەوەی کە بەشداری لە مۆندیال دەکات چواری لەدەستداوە کە ئەمە رێکۆردێکە کە مێسی خاوەنیەتی. ئەم حاڵەتە تایبەت نییە بە مێسییەوە بۆ نموونە هەریەک لە رۆناڵدۆ تائێستا 36، مێسی 34، نەیمار 22 و زلاتان 17 لێدانی سزایان لەکۆی ئەو لێدانە سزایانەی ئەنجامیانداوە لەدەستداوە.
تەندروستی16-07-2026نەخۆشخانەی نانەکەلی ساڵانە هەزاران تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکات