رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی کۆنگۆ رایدەگەیێنێت، لە بڵاوبوونەوەی ئەمساڵی نەخۆشیی کوشندەی ڤایرۆسی ئیبۆلادا لە کۆنگۆ، هەزار و 528 تووشبوو تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 492ـیان گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەنتەری ئەفریقی بۆ خۆپارێزی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، لە 5ی حوزەیرانی رابردوودا پلانێکی ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "بۆندیبۆگیۆ" راگەیاند، کە یەکێکە لە گۆڕاوە نوێیەکانی ڤایرۆسی ئیبۆلا.
د. تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکاریکردنی کۆنگۆ و وڵاتانی دەوروبەری پێویستە بۆ کۆنتڕۆڵکردن نەخۆشییەکە.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو



