رووداو - تەندروستی
دەزگای سەلامەتیی خۆراک لە هیندستان هۆشداری لەبارەی وزەبەخشەکانەوە رادەگەیێنێت و ئاشكرای دەکات، بانگەشەی چەواشەکارانە دەکەن و زیاد لە پێویست بانگەشە بۆ کاریگەرییەکانی مادەکانی نێوی دەکەن.
ئەو دەزگایە هۆشداری داوەتە شەش جۆری جیاوازی خواردنەوە وزەبەخشەکانی وڵاتەکە بەوەی کە تەنیا بە رووکەش ناوی وزەبەخشیان لەسەر بەرهەمەکانیان داناوە، بە بێ ئەوەی وزەبەخش بن.
تەنانەت باسی ئەوەش دەکات کە لەکاتی رێکلامکردنیاندا دەستەواژەی ''بەهێزکردنی سەرنج، بووژاندنەوەی مێشک و جەستە و پێدانی هێز بە جەستە'' بەکاردەهێندرێت کە ئەمانەش بەپێی ستانداردەکانی خۆراک رێگەپێدراو نییە بە رێکلام باس بکرێن.
بەپێی دەستەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، ئەوە مادەیەی وزەبەخش بێت و کاریگەری بکاتە سەر جەستە کە لەنێو وزەبەخشەکاندا هەبێت، هاندەری کافاینە. هەندێکیشیان چەند مادەیەکیان بۆ زیاد کراوە کە دەکرێت پێش وەرزش و دوای وەرزش بخورێن تاوەکو شلەمەنی و مادە کانزاییە لەدەستچووەکان بۆ جەستە بگەڕێنێتەوە.
پێکهاتەکانی چین؟
کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی دەریدەخات، مادەکانی وەکو (کافاین، شەکر، تاورین، ڤیتامین بی، گوارانا، ئێڵ کارنیتین، جینسینگ، ئینۆسینۆڵ و گلوکۆرۆنۆلاکتۆن) پێکهاتەی سەرەکیی وزەبەخشەکانن.
خواردنەوە وزەبەخشەکان چی لە جەستە دەکەن؟
1- دوای 20 خولەک
لەدوای 20 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، لەبەر ئەوەی شەکری زۆریان تێدایە، شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە و بەمەش خێرا هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دەردەدرێت.
2- دوای 40 خولەک
لەدوای 40 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، کافاینی نێویان دەمژرێت، بەمەش جەستە وەڵامی دەبێت، بیلبیلەکانی چاو دەکرێنەوە، پەستانی خوێن زیاد دەکات و شەکری زۆرتر دەمژرێتە نێو خوێن، جەستە لە ئاگایی زیاتر دەبێت.
3- دوای 45 خولەک
لەدوای 45 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، بەرهەمهێنانی دۆپامین زیاد دەکات، کە دڵخۆشی دروستدەکات و هاوشێوەی وەڵامی جەستەیە بۆ هێرۆین و مادەی هۆشبەر.
4- دوای کاژێرێک
لە دوای کاژێرێک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، شەکری خوێن تێکدەشکێت، کافاین کەم دەکاتەوە، بەمەش کەسەکە هەست بەبێهێزی دەکات و میزاجی تێکدەچێت، زۆرجار سەرئێشە و بێهێزی یاخود خەوزڕان و هەستکردن بە دڵەڕاوکێ روودەدەن.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی تێکساس، رۆژانە خواردنەوەی 85 بۆ 170 ملیگرام وزەبەخشەکان دەبێتە هۆی لاوازی سێکسی بەتایبەت بۆ ئەو پیاوانەی کێشی جەستەیان کەمە.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، منداڵان و مێردمنداڵان بەهیچ شێوەیەک ئەو خواردنەوانە نەخۆنەوە کە ماددە وزەبەخشەکان و کافایینیان تێدایە و دەڵێت بۆ گەورانیش سنوورداربکرێن، چونکە بڕی زیاد لە پێویستی رۆژانە مادەی زیانبەخشیان تێدا هەن.



