رووداو - تەندروستی
ئەم ساڵ وڵاتانی ئەورووپا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرما بوونەوە، بەجۆرێک کە لە مانگی حوزەیراندا رەنگدانەوەی کوشندەی هەبوو؛ تائێستا 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
تەندروستیی بەلجیکا رایدەگەیێنێت، 39٪ـی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بۆ گەرمابردن دەگەڕێتەوە کە لە مانگی رابردوودا تۆمار کراون، ئەنلیز واینانت، گوتەبێژی تەندروستیی بەلجیکا دەڵێت: لە 27ـی حوزەیراندا 572 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کران، ئەوە ژمارەیەکی زۆرە و لەدوای شەپۆلی کۆرۆناوە شتی وامان نەبینیوە.
تەندروستیی ئەو وڵاتە روونی دەکاتەوە، شەپۆلی گەرما لە بەلجیکا هەزار و 222 گیانلەدەستدانی زیاتری تۆمار کردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
ئامارەکانی گیانلەدەستدان بە گەرما لە ئەورووپا
فەرەنسا پێشەنگی گیانلەدەستدانەکانە و زیاتر لە دوو هەزار کەس بوونەتە قوربانی، پاشانیش ئیسپانیا و ئەڵمانیا کە هەردووکیان نزیکەی دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، تەنیا لە هۆڵەندا زیاتر لە 480 کەس و لە بەریتانیاش زیاتر لە 25 کەس گەرمابردوونی و گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی پلە گەرمییەکانەوە، تائێستا لە فەرەنسا بەرزترین پلەی تۆمارکراو 44.3 پلەی سلیزی بووە، لە ئەڵمانیا 41.7 پلەی سیلیزی و لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی 36.7 پلەی سیلیزی بووە.
بۆچی ئەورووپییەکان بە گەرما هەستیارن؟
+ زۆرینەی قوربانییان بەساڵاچووانن کە تەمەنیان سەروو 75 ساڵە، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە وڵاتانی ئەورووپی رێژەیەکی زۆری بەساڵاچووان هەن.
+ بەهۆی ئەوەی پلەی گەرمی لەو وڵاتانە نزم بووە، بۆیە لەنێو ماڵەکاندا ساردکەرەوە و فێنککەرەوە نییە، بۆیە کە گەرما دێت، ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
+ لەڕووی تەلارسازییەوە باڵەخانە و ماڵەکانیان بەجۆرێک دروستکراوە کە گەرما گل بداتەوە، چونکە هەمیشە لە کەشوهەوای سارددا بوون.
+ لەبەر ئەوەی گەرمای زۆر لە مێژوودا لە باکوور و نێوەڕاستی ئەورووپادا دەگمەن بووە، خەڵک لە رووی کولتوورییەوە "راهاتوو" نین لەگەڵیدا و بەرگەی ناگرن.
+ زۆرێک لە شەپۆلەکانی گەرما لە ئەورووپا هاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی شێ، بەتایبەتی لە شارە کەنارییەکان یان ئەوانەی نزیکن لە رووبارەکانەوە.
+ زۆرێک لە بەساڵاچووان بەتەنیا لە شوقەکانی نهۆمی سەرەوە دەژین (کە گەرمترن). رەنگە هەست بەوە نەکەن کە تووشی وشکبوونەوەی مەترسیدار یان گەرمبوونی زیاد لە پێویست بوونەتەوە تاوەکو درەنگ دەبێت. زۆرجار، تاوەکو چەند رۆژێک دوای ئەوەی شەپۆلی گەرماکە دەگاتە لووتکە، نادۆزرێنەوە.


