رووداو-تەندروستی
دڵشکان (Heartbreak) تەنها ئەزموونێکی دەروونی و سۆزداری نییە، بەڵکو بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، کاریگەری راستەوخۆ و قورسی لەسەر فیزیۆلۆژیای جەستە هەیە، کاتێک مرۆڤ دووچاری دڵشکان دەبێت جەستە وەک "برینێک" مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
توێژینەوەیەکی زانکۆی میشیگان لە ئەمریکا دەریخستووە کاتێک سەیری وێنەی ئەو کەسە دەکەیت کە دڵی شکاندویت، ئەو ناوچانەی مێشک چالاک دەبن بەتایبەت "سۆماتۆسێنسۆری کۆرتێکس" کە بەرپرسن لەهەستکردن بە ئازاری جەستەیی، واتە مێشک جیاوازی ناکات لە نێوان سووتانی دەستت و شکانی دڵت؛ بۆ مێشک هەردوکیان ئازارێکی راستەقینەن.
کاتێک لە پەیوەندییەکی سۆزداریدایت، مێشک بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنی خۆشی (دۆپامین و ئۆکسیتۆسین) بەرهەم دەهێنێت، لەکاتی دڵشکاندا، ئەم هۆرمۆنانە کتوپڕ دادەبەزن و لەبری ئەوان هۆرمۆنەکانی سترێس (کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵین) بەرز دەبنەوە.
ئەم دۆخە هاوشێوەی کشانەوەی مادەی هۆشبەرە لە جەستەی ئاڵودەبوواندا، کە دەبێتە هۆی لەرزین، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
کۆنیشانەی "دڵی شکاو" (Takotsubo Cardiomyopathy)
ئەمە دیاردەیەکی پزیشکی راستەقینەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی هۆرمۆنەکانی سترێس، بەشێک لە ماسولکەکانی دڵ بۆ ماوەیەکی کاتی لاواز دەبن، نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت (ئازاری سنگ و تەنگەنەفەسی)، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە دەمارەکانی دڵ ناگیرێن، بەڵکو تەنیا ماسولکەکە بەهۆی خەمەوە شۆک بووە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی کۆرتیزۆڵ، خوێن لە کۆئەندامی هەرسەوە بەرەو ماسولکەکان دەچێت (وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕ یان راکردن)، ئەمەش دەبێتە هۆی:
- نەهێشتنی ئارەزووی خواردن
- ئازاری گەدە و سکچوون یان قەبزی
- هەستکردن بە "گرێ" لە قوڕگ و سنگدا
دڵەڕاوکێی درێژخایەنی دوای دڵشکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن، بەو هۆیەوە ئەو کەسانەی دڵیان شکاوە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە هەڵامەت، هەوکردن و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان هەیە، مێشک لە دۆخی "ئاگاداری بەردەوام" دایە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو (Insomnia) یان خەو بینین بە کەسەکەوە، بەرزبوونەوەی کۆرتیزۆڵ دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە و تێکچوونی رەنگی پێست.
کاتێک جەستە لە ژێر گوشاردایە ماسولکەکان گرژ دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرئێشەی بەردەوام، ئازاری مل و پشت، هەستکردن بە ماندوێتییەکی زۆر کە بە خەو سارێژنابێت.
بۆیە لەڕووی زانستییەوە دڵشکان (خەیاڵ) نییە بەڵکو شۆکێکی جەستەیی و کیمیاییە، جەستە پێویستی بە کات هەیە (زۆرجار چەند مانگێک) تا هاوسەنگی هۆرمۆنەکان بگەڕێنێتەوە، باشترین چارەسەر لەم کاتەدا وەرزشکردنە بۆ بەرزکردنەوەی سروشتیی دۆپامین و وەرگرتنی پشتگیری کۆمەڵایەتی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ.


