رووداو-تەندروستی
مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد (AI) کە لەلایەن مایۆ کلینیکەوە پەرەی پێدراوە، دەتوانێت یارمەتیی پزیشکان بدات بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پەنکریاس لەسەر وێنەی سیتی سکانی ئاسایی سێ ساڵ پێش دەستنیشانکردنی کلینیکی.
توێژەران لە مایۆ کلینیک مۆدێلی ژیریی دەستکردەکەیان بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی نزیکەی دوو هەزار وێنەی سیتی سکان، لەنێویاندا وێنەی ئەو نەخۆشانەی کە دواتر تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پەنکریاس پشتڕاستکراوەتەوە، سیستمەکە کە ناوی (REDMOD)ـە، توانیویەتی 73%ـی ئەو کەیسانە دەستنیشان بکات بە تێکڕا 16 مانگ پێش دەستنیشانکردنی کلینیکی، کە نزیکەی دوو هێندەی رێژەی دەستنیشانکردنە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە بەبێ یارمەتیی ژیریی دەستکرد.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەم تەکنەلۆژیایە نیشانە وردەکانی نەخۆشییەکە دەدۆزێتەوە پێش ئەوەی گرێکان بەدیار بکەون، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئەو هەوڵە چەندین ساڵەیەی مایۆ کلینیک بۆ زووتر دەستنیشانکردنی یەکێک لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە داویەتی.
دکتۆر ئاجیت گۆینکا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی تیشک لە مایۆ کلینیک، دەڵێت: "گەورەترین کێشە لەبەردەمماندا بۆ رزگارکردنی ژیانی تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاس، ئەوە بووە کە ناتوانین نەخۆشییەکە زوو دەستنیشان بکەین، واتە لەو قۆناخەی کە هێشتا چارەسەر دەکرێت. بەڵام ئێستا ئەم ژیرییە دەستکردە دەتوانێت نیشانەکانی شێرپەنجە بدۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر پەنکریاسەکە لە پشکنینەکاندا ئاسایی دەربکەوێت."
شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین شێرپەنجەکان، چونکە لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا بە دەگمەن نیشانەی هەیە، زیاتر لە 85%ـی نەخۆشەکان کاتێک دەستنیشان دەکرێن کە نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە و رێژەی مانەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کەمترە لە 15%.


